سەردێڕ:

لەم ناوچەیەى کوردستان دەنگى تەقەیەکى زۆر دەبیسترێت

PM:11:06:15/09/2021

34240 جار خوێندراوەتەوە

لەقەزاى خەبات لە پارێزگاى هەولێر دەنگى تەقەیەکى زۆر دەبیسترێت و هەریەک لە هۆزەکانى گۆران و خەیلانى بەهۆى کوژرانى سێ هاوڵاتى لە هەفتەى رابردوودا روبەڕووى یەکتر بوونەتەوە.


پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە قەزاى خەبات رایگەیاند "بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتییەوە هەردوو هۆزى گۆران و خەیلانى رووبەڕووى یەکتر بوونەتەوە و دەنگى تەقەیەکى زۆر لەناو قەزاکەدا دەبیسترێت".

وتیشى "هێزە ئەمنییەکان بەرەو ئەو قەزایە دەچن بۆ ئەوەى دۆخەکە هێور بکەنەوە".

هۆکارى گرژى و ئاڵۆزییەکە بۆ کوژرانى سێ هاوڵاتى لە هۆزى گۆران لە قەزاکە دەگەڕێتەوە لەلایەن خێزانێکى هۆزى خەیلانى.

شەڕ و پێکدادانەکە لە کاتێکدایە کە ئێوارەى ئەمڕۆ بەگوێرەى چەند ڤیدیۆیەک کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتبوو لە قەزاى خەبات کەسوکارى ئەو خێزانەى کە سێ کەسیان لێکوژرا هێزیان کۆکردبۆوە و هەڕەشەى تۆڵەکردنەوەیان دەکرد.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا ئاماژە بەوە کرا بوو کە هۆزێک لەئامادەباشیدان و هێزیان کۆکردۆتەوە بۆ هەر بڕیارێک کەلەلایەن سەرۆکى هۆزەکەیانەوە دەربکرێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە خێزانێکى دانیشتووى ئەو قەزایە کە سێ کەسیان لەو هۆزە کوشتووە.

هاوکات هۆزەکە هێزە ئەمنییەکانى زێرەڤانى بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پارێزگارى لەو خێزانە دەکەن کە سێ کەسى هۆزى گۆرانیان کوشتووە.

رۆژى ١١ى ئەم مانگە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە قەزای خەباتی هەولێر شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروستبوو و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندارن.

رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵەدا بووە لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی، لەئەنجامی شەڕەکەدا، سێ کەس کوژراون کە باوک و دوو کوڕن، هەروەها لەئەنجامی شەڕەکەوە دوو کوڕی دیکەی ئەو پیاوەی کە کوژراوە برینداربوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەنی بەرامبەریشدا دوو بریندار هەیە کە برینی یەکێکییان سەختە، هەردوولاشییان دوو خانەوادەی ناسراوی قەزای خەباتن.

لەبارەی هۆکاری روودانی کێشەکەشەوە، رزگار کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە لەسەر بابەتێکی سادە بووە، کە لایەنێکیان فرۆشگای مۆبایلی هەیە و لایەنی بەرامبەریش دوکانی خواردنی خێرای هەیە، تیایدا یەکێک لە بکوژەکان چووەتە لای خواردنی خێراکە و دواتریش، دەمەقاڵە درووست بووە و ئەو رووداوەی لێ کەوتووەتەوە.

چۆمان مەحمود، خەبات














گەلەری