سەردێڕ:

وەزارەتی کۆچى عێراق: تا کۆتایی ئەمساڵ ئاوارەکان دەگەڕێنینەوە و کەمپەکان دادەخەین

PM:08:43:15/09/2021

2920 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو ماوەیەی وەزارەت دیاریکردووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان تا کۆتایی ئەمساڵە، هەوڵیش دەدەن ئاوارەکان بە خواستی خۆیان لەو ماوەیەدا بگەڕێننەوە بۆ زێدى خۆیان.


کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی ئاوارەکان ٣٧ هەزار کەسە و بەسەر ٢٨ کەمپدا دابەشبوون کە ٢٦یان دەکەونە سنوری هەرێمی کوردستانەوە.

کەریم نوری ئاماژەى بەوەشکرد، دوای پشکنینی دەزگا ئەمنییەکان، ٩٤ خێزان لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق.

راشیگەیاند، گەڕێکى دیکەى هاوکاریی داراییان دابەشکردووە بەسەر شەش هەزار و ٥٠٠ لەو خێزانە ئاوارانەى کە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و هاوکارییەکەش بریتییە لە بڕى یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار.

لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی داعش، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە هاتوونەتە هەرێم، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٩٢٦ هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.













گەلەری