وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی دۆخی داراییەوە حکومەت لە توانایدا نییە پلەی فەرمانبەران بەرزبکاتەوە، دەشڵێت، "دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و دەبێت حکومەت بڕیاری لەسەر بدات."
لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی دژ بە داعشەوە پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیراوە."
ئەوەشی خستەروو، پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پەیوەستە بە یاسای بودجەوە
و لەبەرنامەی حکومەتیشدایە کە چارەسەری بکات لە رێگای دابینکردنی پێداویستی دارایی
تایبەت بە ئەم پرسە." وتیشی، "لە ئێستادا کاری لە پێشینەمان دابینکردنی
موچەیە."
لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستیشەوە، جوتیار عادل دەڵێت، لێکۆڵینەوە
و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن و بڕیارێک دەدەن لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی
گرێبەست بێت، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە هەیە لە رووی خەرجی و چۆنییەتی راییکردنی
کارەکانیان.
بەگوێرەی ئامارێک، ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان نزیکەی
٢٨ هەزار فەرمانبەرە و ساڵانەش، بەمەبەستی دامەزراندنیان ئەو فەرمانبەرانە، رێگای
چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی دەگرنەبەر.