سەردێڕ:

لێدوانی حکومەتی هەرێم لەسەر نرخی ئارد و نان

PM:06:17:15/09/2021

4356 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەت هیچ باجێکی لەسەر ئارد دانەناوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین بازرگان باس لەوەدەکەن حکومەت باجی لەسەر ئارد داناوە هەر بەوهۆیەشەوە نرخی بەرزبووەتەوە.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، بازرگانەکان ئازادن لەوەی چی دەڵێن لەسەر گرانبوونی نرخی ئارد کە باس لە دانانی باج دەکەن لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام ئەو قسانە "دوورن لە راستییەوە و حکومەت هیچ باجێکی لەسەر ئارد دانەناوە."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت، لە ئێستادا نرخی ئارد و گەنم لە سەرانسەری جیهاندا گرانبووە نەک ئەوەی حکومەتی هەرێم باجی لەسەر ئارد دانابێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەیەک بازرگان لە هەرێم باس لەوەدەکەن کە حکومەتی هەرێم باجی لەسەر ئارد داناوە و ئەوەش وایکردووە نرخی ئارد بەرزبێتەوە.

لە رۆژی ١ی مانگیشدا، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و بازرگانی نرخی غاز کەمدەکەنەوە بۆ نانەواخانەکان و وەزارەتی کارەباش ٢٠٪ نرخی کارەبای نانەواخانەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.








گەلەری