سەردێڕ:

دوای دەنگۆی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی تاڵیبان؛ وردەکارییەکەی ئاشکراکرا

PM:03:49:15/09/2021

13176 جار خوێندراوەتەوە

دوای پێکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکار لە ئەفغانستان، بەهۆی خۆ بەشایستەتر دانانی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا، ناکۆکی لە نێوان سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان درووست بوو.


پێش چەند رۆژێک لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستاندا لە نێوان مەلا عەدبولغەنی برادەر جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکاری ئەو وڵاتە و یەکێک لەدیارترین سەرکردە دبلۆماتکارەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان و خەلیل عەبدورەحمان حەققانی وەزیری کاروباری کۆچبەران و ئەندامی فەرماندەیی تۆڕی چەکداری حەققانی دروستبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ناکۆکییەکانی نێوان مەلا برادەر و حەققانی دەگاتە ئاستێک لایەنگرانی هەردوولا لەدەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی روبەڕوی یەکتر دەوەستنەوە و دەستبەجێ بەشێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان نێوەندگیری دەکەن و بڵاوەیان پێدەکەن.

دواتر، مەلا عەبدولغەنی برادەر کابوڵی پایتەخت بەجێدەهێڵێت و بەرەو قەندەهار بەڕێدەکەوێت و بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی لەگەڵ حەققانیدا، بەشێکی زۆر لەکارەکانی حکومەت پەکییان دەکەوێت.

هۆکاری ناکۆکییەکان

بەگوێرەی زانیارییەکان، ناکۆکی نێوان مەلا برادەر و حەققانی لەسەر ئەوە دروست بووە، کە سەرکەوتنەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان و کردنەدەرەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان و کۆتایی هێنان بە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی لە ئەنجامی هەوڵە دبلۆماسییەکانی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە بە سەرۆکایەتی مەلا برادەربووە. لەبەرامبەردا، خەلیل عەبدورەحمان حەققانی لەو باوەڕەدابووە لە ئەنجامی هەوڵی چەکداری و شەڕی سەرکردە سەربازییەکانی ناوخۆی ئەفغانستان دەسکەوتەکان بەدەستهاتوون.

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێک لەناوخۆی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە ئاشکرایکردووە، مەلا عەبدولغەنی برادەر ناڕازیە لە پێکهاتەی حکومەتی کاربەڕێکاری ئەفغانستان و لەو باوەڕەدایە کەسانێک دەستنیشانکراون شایستەی پۆستەکان نەبوون بەهۆکاری ئەوەی ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سەربازییەکانی بزوتنەوەکە لە پێکهاتەی کابینەی وەزارەتی حکومەتدا پۆستیان گرتووەتە دەست و ئەمەش ئەگەری ئەوەی لا دروست کردووە سەرکەوتوونەبن لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بزوتنەوەکە و حکومەتە نوێیەکە.

رەهەندی خێزانی و بنەماڵەیی

نەجمی بەهزادی توێژەر و لێکۆڵەری ئەفغانی بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، رەهەندی خێزانی و بنەماڵەیی لوتکەی دەسەڵاتی بزوتنەوەکەیان گرتووەتە دەست.

ئاماژەی بەوەداوە، نزیکێتی و بنەماڵەخوازی بەتوندی لەناو سەرکردایەتی بزوتنەوەی تاڵیباندا ئامادەیی هەیە، بنەماڵەی مەلا محەمەد دامەزرێنەری بزوتنەوەکە دەستیان بە جومگە سەرەکییەکانی حکومەتی نوێی ئەفغانستاندا گرتووە، بۆ نمونە مەلا عەبدولغەنی برادەر، هاوسەری خوشکی مەلا محەمەد عومەری دامەزرێنەری بزوتنەوەکەیە و هاوڕێی تایبەتی مەلا هیبەتوڵا ئاخونزادەی رابەری ئێستای بزوتنەوەکەیە.

دەشڵێت، مەولەوی یەعقوب کوڕی مەلا محەمەدی دامەزرێنەری بزوتنەوەکە وەزیری بەرگرییە و بەمەش راستەوخۆی دەستیان گرتووە بەسەر باڵی چەکداری حکومەتە نوێیەکە.

نەجمی بەهزادی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەبەرامبەر خەلیل عەبدورەحمان حەققانی خۆی بە خاوەن پشک و هاوبەشی بنەماڵەی مەلا محەمەد عومەر دامەزرێنەری بزوتنەوەی تاڵیبان دەزانێت، هەربۆیە سیراخەدین حەققانی کوڕی دامەزرێنەری تۆڕی چەکداری حەققانییەکان پۆستی وەزیری ناوخۆیی وەرگرتووە و ئەنەس حەققانی برای یەکێکە بووە لە ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە و خەلیل حەققانیش دۆسیەی کۆچ و کۆچبەرانی لەناو بزوتنەوەی تاڵیبان گرتووەتە دەست.

نەجمی بەهزادی توێژەر و لێکۆڵەری ئەفغانی باسی لەوەشکردووە، لە قۆناغی داهاتوودا ماماەڵەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان لە مامەڵەی بیست ساڵ لەمەو بەریان ناچێت و گۆڕاون. تۆڕێک لە پۆست و بەرژەوەندی و پشک بەدەست دەهێنن و لەبەرامبەردا، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەییەکی رون و تۆکمەوە کە لەرێی یاساوە بابەتەکان رێکبخات، ناکۆکییە بنەماڵەییەکان و بەرژەوەندییە کەسییەکان بەڕونی دەردەکەون و ناکۆکی نێوان سەرکردەکان قوڵتر دەبنەوە.

دیار نەمانی مەلا برادەر

یەک شەو لە دوای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان، مەلا عەبدولغەنی برادەر لە هیچ چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتە کار بەڕێکارەکە دەرنەکەوتووە، هاوکات دەنگۆی کوژرانیشی لە ئەنجامی ناکۆکییەکان بڵاوبوویەوە.

لەبەرامبەردا بزوتنەوەی تاڵیبان رەتی کردەوە، مەلا برادەر کوژرابێت، بەڵام هیچ زانیاریی و وردەکارییەکی دیکەی، تەنانەت لەسەر شوێنی مانەوەشی ئاشکرا نەکرد.

چاودێران لەو باوەڕەدان، ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەکانی بزوتنەوەکە ناکۆکی کەسی نین، بەڵکو ریشەی مێژوویی هەیە و بەشێکی پەیوەستە بە دەرکەوتنی سەرکردە نوێیەکانی ناو بزوتنەوەکەوە کەلە دەرەوەی ئەفغانستان رۆڵییان هەبووە لە ئێستادا لە ململانێدان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوخۆی وڵات کە سەرقاڵی شەڕبوون لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان و هێزە بیانییەکان.


کامەران ئەحمەد













گەلەری