سەردێڕ:

کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت گێڕانەوەی سامانە بەتاڵان براوەکان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

AM:11:13:15/09/2021

2264 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، کارەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ گێڕانەوەی سامانە بەتاڵان براوەکان دەست بەکارەکانی بکات.


دەستەی دەسپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆنگرەکە بە چاودێریی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی ئەحمەد ئەبوغێت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایەنێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "لە میانی کۆنگرەکەدا تاوتوێی بابەتە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پرسی گێڕانەوەی سامانە بەتاڵان براوەکان و هەنگاوەکانی پەلەکردن بۆ گێڕانەوەی، هەروەها رەخساندنی کەشێکی ئاسایش باسدەکرێن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، دەستەی دەسپاکی و وەزارەتی داد ئەرکی رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و لە میانیشدا وۆرکشۆپی هاوبەش لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی کە روبەڕوی کارەکانی دەزگاکانی چاودێری نیشتمانی دەبنەوە لە پرسی لێپێچینەوەی تۆمەتباران بەڕێوەدەچێت.

هەر لە میانی کۆنگرەکەدا باس لە دۆزینەوەی چارەسەرییەکان و پابەندکردنی ئەو وڵاتانەی کە سامانە بەتاڵابراوەکان تیادایە لەگەڵ تۆمەتباران بە تاوانەکانی گەندەڵی بە بڕیار و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا و پەیماننامەکان بۆ هەماهەنگیی لە دووبارە گێڕانەوەی سامانەکان بۆ وڵاتە رەسەنەکانیان، دەکرێت و ئاماژە بەوەشدراوە ئامانجی کۆنگرەکە دەرکردنی زنجیرەیەک بڕیار و راسپاردەیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە سامانە بەتاڵابراوەکانی بۆ بردراوە بۆ گێرانەوەیان بۆ عێراق.

هاوکات، وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، شیلان عارف بریکاری وەزارەتی داد بە نوێنەرایەتی وەزیری داد، بەشداریی لە کۆنگرەکەدا دەکات.












گەلەری