شەوی رابردوو سەرۆکی تیمی پارێزەرانی کەیسی گیراوانی بادینان رایگەیاند، سبەی دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان بوون بڕیاری ئازادکردنیان بدرێت، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە دادگاییەکە دواخرا بۆ مانگی تشرینی یەکەم.
ئەمڕۆ بڕیاریبوو دادگاییکردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنەکەیان دواخرا بۆ ١٢ی تشرینی یەکەم و ئەوەش نیگەرانی لای پارێزەرانیان و کەسوکاریان دروستکردووە.
ئەم دواخستنەش، دوای ئەوە دێت ساڵێک و مانگێکە ئەو دوو دەستبەسەر کراوە لە زینداندا راگیراون و دادگایی ناکرێن، لە ئێستاشدا کەسوکاریان لەبەردەم دادگای هەولێردا گردبوونەتەوە.
بەگوێرەی وتەکانی
پارێزەرانی دەستبەسەرکراوانی بادینان، ٢١ کەسیان مانیان لەخواردن و خواردنەوە
گرتووە و دواتریش لەژێر فشاری ئاسایشدا بەشێکییان وازیان لە مانگرتنەکەیان هێناوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
رۆژی ٦ی ئەم مانگە بۆ دووەم جار و بەهۆی ئەوەی دادگا دوو ئەندامی نوێی بۆ زیادبوو
و ئاگاداری دۆسییەکە نەبوون دانیشتنەکە دواخرا.
دادگاییکردنەکە
لەکاتێکدایە لەماوەی رابردوودا، دادگای کەتنی هەولێر پێنج دەسگیرکراوی دیکەی دادگاییکرد
و سزای شەش ساڵ زانیدانکردنی بەسەردا سەپاندن، ئەگەرچی بڕیارەکە دووجار رەوانەی
دادگای پێداچوونەوە کرایەوە بۆ پێداچوونەوە بە سزاکەدا، بەڵام لە هەردوو جارەکەدا دادگای
پێداچوونەوە سزاکەی پەسەند کرد و بڕیارەکە کاردانەوەیەکى زۆرى نێوخۆیى و دەرەکى لێکەوتەوە.