سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەبارەی سیمكارتە بێ فۆڕمەکانەوە

PM:11:41:14/09/2021

14800 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، رێكاریی پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بە سیمكارتی بێ فۆڕم و بەرایی گیراوەتەبەر، دەشڵێت، دەبێت هەموو ئەو سیمكارتانەش رابگیرێن كە بێ فۆڕمن.


دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ئێستادا لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیانی پەیوەندی پێکهێنراوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی سیم کارتی بێ فۆڕم و بەرایی.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆ راسپاردراون بۆ ئەنجامدانی رێكاریی پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بە سیم كارتی مۆبایلی بێ فۆڕم و بەرایی.

دیلان رەشاد ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە لەمەودوا تەواوی زانیاری كڕیارانی سیمكارت ئاشکرابێت.

باسی لەوەشکردووە، تەنیا ئەو سیمکارتانە رێگەیان پێدەدرێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە رێگەپێدانیان هەیە و ئەو کەسەشی کە سیمەکە دەکڕێت فۆڕمێکی پێ پڕدەکرێتەوە و ئەوانەشی تۆمارنەکراون بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆپانیاکانی پەیوەندی ئاگاداردەکرێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رێكاریی پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەكردن بە سیمكارتی مۆبایلی بێ فۆڕم و بەرایی بگیرێتەبەر و هەموو ئەو سیمكارتانەش رابگیرێن كە بێ فۆڕمن.

سیمکارتی بێ فۆڕم و بەرایی ئەو سیمارتەکە کە هیچ زانیارییەکی بەکارهێنەر لەلای کۆمپانیای خاوەنی سیمکارت نییە و لە ماوەی رابردووشدا چەندین حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئەو جۆرەی سیمکارت تۆمارکراوە.

لە رۆژی ١٣ی مانگی ئابیشدا، دەزگای هەواڵگری سەربازیی و ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک دەستیان بەسەر ٣٠ هەزار سیم کارتی نایاساییدا گرت.













گەلەری