بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای دەربەندی رانیە لە قورەگۆ رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە و بەوهۆیەشەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە مامۆستایەکی وانەبێژ بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (بار و ئۆپڵ)دا بووە و بەوهۆیەشەوە شۆفێری ئۆپڵەکە گیانی لەدەستداوە.
لای خۆشییەوە، کارۆخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ
بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لە رووداوی هاتوچۆکەدا، مامۆستایەکی
وانەبێژبووە لە سنوری پەروەردەی پشدەر و دەشڵێت، "بەشداری چەندین خۆپیشاندانی
مامۆستایانی وانەبێژی کردووە و داوای دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی دەکرد."
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت
مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦
کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە
کە پێشتر حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ
مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى
دبلۆم، بەڵام ماوەی چەندین ساڵە ئەم مامۆستایانە داوای دامەزراندن دەکەن و حکومەتیش
بەبیانووی جیایا داینەمەزراندون.
باخان تۆفیق، رانیە