سەردێڕ:

وەزیری پلاندانانی هەرێم: زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا بتوانین کەس دابمەزرێنین

PM:10:09:14/09/2021

22220 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، "زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا بتوانین کەس دابمەزرێنین"، دەشڵێت، "ئەگەر تاوەکو ٢٠٤٠ بەم میکانیزم و شێوازەی ئێستا بڕۆین دۆخمان زۆر خراپتر دەبێت."


لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم باسی لەوەکردووە، "روون و راشکاوبم لەگەڵتان زۆر زەحمەتە لەم دۆخەدا کە ئێستا هەمانە کەس دابمەزرێنین، چونکە بە زۆر توانیومانە موچەی ئەو موچەخۆرانە دابین بکەین کە هەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر دۆخی دارایی باش بێت لەساڵی ٢٠٢٢دا بەدڵنیاییەوە سێ یەکەمەکان، ئەوانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە، پزیشکان و مامۆستایان گرێبەست و وانەبێژ دادەمەزرێنن.

لەبارەی ئەوەی پلانی خێرای وەزارەتەکەی چییە بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی هەرێم، دارا رەشید ئەوەشی وتووە، "ئێستا ئەگەر حکومەت دۆخی داراییشی باش بێت ناتوانێت ئەو ریزبەستنەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دروست بووە دایانمەزرێنیت."

وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانی جێگرەوە ئەوەیە کەرتی تایبەت کارا بکرێت و دامەزراندن لە کەرتی تایبەت وەک کەرتی گشتی بێت، دەبێت بە یاسا وا لە خەڵک بکەین کە رووەو کەرتی تایبەت بڕوات و هەموو ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی هەیەتی لە کەرتی تایبەتیش هەیبێت.

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێم ئەوەشی ئاشکراکردووە، "توێژینەوە و خوێندنەوەمان بۆ کردووە، ئەگەر تاوەکو ٢٠٤٠ بەم میکانیزم و شێوازەی ئێستا بڕۆین دۆخمان زۆر خراپتر دەبێت، دەبێت بەو ئاراستەیە بڕۆین کەرتی تایبەت کارا بکەین بە یاساش پەیوەندی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی رێکبخەین."

ئەم قسانەی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، ساڵانە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان خوێندن تەواودەکەن و بەشێکی زۆریشیان نە لەکەرتی گشتی و نە لەکەرتی تایبەتدا دەرفەتی کارکردنیان بۆ ناڕەخسێت، ئەمەش نیگەرانیی گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکانی بەدواداهاتووە.













گەلەری