وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕیاریدا، هاوردەکردنی تەماتە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا هاتووە، "لە پێناو بە بازاڕکردنی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی هەرێم، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە دراوە، بەتایبەتیش کە ئێستا وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی دەشتی پێنجوێنە."
لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی
ئیدارەی گەرمیان کراوە و تیایدا داوایان لێدەکات کە بازگەکانیان ئاگاداربکرێنەوە بۆ
ئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگە نەرێت تەماتە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هاوردەی هەرێم
بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا وەرزی پێگەیشتنی تەماتەی
خۆماڵییە بە تایبەتی تەماتەی پێنجوێن، کە دەتوانرێت پێداویستی ناوخۆ دابین بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، ساڵانە و لە وەرزە جیاوازەکانی کاتی
پێگەشتنی بەروبوومە خۆماڵییەکاندا، جوتیارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم گلەیی لە ساغ
نەبوونەوەی بەروبوومەکانیان دەکەن و لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت بە ئاسانکاریکردن بەهاوردەکردنی
بەروبوومی دەرەکی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لە ئێستادا حکومەت رێگری دەکات لە هاتنی
تەماتە تاوەکو تەماتەکانی هەرێم ساغببنەوە.