PM:06:05:14/09/2021
17512 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە نزیکەی کاتژمێرێکە رێگای سەرەکی سلێمانی – کەرکوک داخراوە.
شاڵاو عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە ناوچەی کانی شەیتان زیاتر لە کاتژمێرێکە رێگای سەرەکی سلێمانی - کەرکوک گیراوە و گرفت بۆ هاتوچۆی شۆفێران دروستبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوی هاتوچۆکەوە ئۆتۆمبێلێک زیانی
پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار
و ٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار
و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی
هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون
دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە
هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی
هاتوچۆوە هەیە.