سەردێڕ:

دوای ئەوەی پۆلیسێک بریندار دەکەن، دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیردەکرێن

PM:03:59:14/09/2021

3328 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە گەڕەکی سەرچنار لە شاری سلێمانی دوو تۆمەتبار رێگری لە ھاوڵاتییەک دەکەن و بەزەبری چەک پارەی لێدەسەنن، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتبارەکان تەقە لە پۆلیس دەکەن و پۆلیسێک بریندار دەکەن‌و ھەڵدێن.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، مەفرەزەکانی پۆلیسی سلێمانی - بەشی پۆلیسی ناو شار رۆژئاوا دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بەزەبری چەک رێگریان لەسێ ھاوڵاتی کردبوو بەمەبەستی لێ سەندنی پارەو مۆبایل.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی لەگەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی دوو تۆمەتبار رێگریی لەھاوڵاتییەک دەکەن ‌و لەژێر زەبری چەکدا بڕێک پارەی لێ دەسەنن ‌و دواتر بەچەک برینداری دەکەن، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەگەنە شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی دەستگیرکردنیان، بەڵام تۆمەتبارەکان تەقە لەمەفرەزەکەی پۆلیس دەکەن ‌و پۆلیسێک بریندار دەکەن ‌و ھەڵدێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، دواتر بنکەی پۆلیسی سەرچنار لێکۆڵینەوە ‌و بەداواداچونی وردی دەستپێکرد و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا ھەردو تۆمەتبار (م، خ، ف - س، ک، ع) دەستگیر بکەن، دەستیشگیرا بەسەر چەکێکدا لەجۆری دەمانچە کە بەتۆمەتبارەکان بووە.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکان دانیان بەتاوانەکەیاندا نا، ھەروەھا دانیان بەوەدا نا کە پێشتریش رێگرییان لەھاوڵاتییەکی دیکە کردوەو بەزەبری چەک بڕێک پارەو موبایلەکەیان لێ سەندووە.
بەگوێرەی راگەیانراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدا ناوە کە رێگرییان لەھاوڵاتییەکی دیکە کردوە ‌و تەقەیان لێکردوە و بەچەقۆ برینداریان کردووە.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا ھەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری  دادوەر و بە گوێرەی مادەکانی٤٠٥  و ٢٣٠ و ٤٥٦ و ٣١ لەیاسای سزادان راگیراون ‌و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

کـ ، ئـ












گەلەری