سەردێڕ:

بەردەوامی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە نێوان تۆمەتبارکردن و رەتکردنەوەی یەکتردا

PM:06:32:16/07/2021

2660 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئێران هەوڵی رفاندنی رۆژنامەنووسێکیانداوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، لەبەرامبەردا ئێران هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسەکە بە بێ بنەما وەسفدەکات.


کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئێران هەوڵی رفاندنی رۆژنامەنووسێکیانداوە، بەڵام بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، لەبەرامبەردا ئێران هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسەکە بە بێ بنەما وەسفدەکات.

جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، ئیدارەی بایدن بەتوندی ئیدانەی هەوڵی چوار سیخوری ئێران دەکات بۆ رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بەرەگەز ئێرانی کە لە نیۆرک نیشتەجێیە.

وتەبێژی کۆشکی سپی، ئامادەنەبوو هیچ زانیاریی و وردەکاری زیاتر لەبارەی ناسنامە و شوێنی کاری ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسە ئاشکرا بکات.

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دادگای نیۆرک تۆمەتی ئاراستەی چوار بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئێرانی کردووە لەوەی بەهاوبەشی بەنیازبوون رۆژنامەنووس و چالاکوانێک لەو شارە بڕفێنن، سەرەڕای ئەوەی بەنیازبوون لە رێگەی فێڵ و هەڵخەڵەتاندنەوە پارە لە بانکەکان رابکێشن.

سەرەڕای ئەوەی دادگای ئەمریکا ناوی ئەو چالاکوانەی ئاشکرا نەکرد کە ئێران بەنیازبووە بیڕفێنێت، بەڵام ژنە چالاکوانێکی بەرەگەز ئێرانی کە لە نیۆرک نیشتەجێیە بەناوی مەسیح عەلی نەژاد، گروپێکی ژنانی پێکهێناوە و هانیاندەدات لە ناو خۆی ئێران دژی حیجاب بوەستنەوە و سەرۆشەکانیان لابدەن، لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵێکی رفاندنی سەرکەوتوو نەبووە.

لە بەرامبەردا، سەعید خەتیب زادە وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا سەرلەبەری هەواڵەکەی بەناڕاست و بێ بنەما وەسفکرد و وتیشی، هەواڵێکە شایستە نییە وەڵامی بدرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، جین بساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا لەبارەی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، کە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەدەچن، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە ئەوەی خستەڕوو، "لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا ئێران بە لایەنێکی باش و ئەرێنی نایبینین، بەڵام بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵیدا، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان دەکات".

لەو بارەیەشەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چاوگێکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی لە رێگەی شاندە ئەوروپییەکانەوە کە ناوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکەن، بە ئەمریکایان راگەیاندووە تا دوای دانان و دەستبەکاربوونی ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەیان ئامادەنین گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکەنەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێستادا دەتوانێت بەڕێژەی ٩٠% بەمەبەستی ئاشتی یۆرانیۆم بپیتێنێت.

راشیگەیاند، رێککەوتنامەی ئەتۆمی رێگرنەبووە لەبەردەم پیتاندنی یۆرانیۆم، ئاژانسی ئەتۆمی وڵاتەکەی لە توانایداهەیە بەڕیژەی ٢٠% بۆ ٦٠% یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی پێویستییان پێبێت ئەوا دەتوانن بەڕێژەی ٩٠% یۆرانیۆم بپیتێنن.

لەبارەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگەدەدات بە ئێران بەشێک لە پارە بلۆکراوەکانی لە ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆریای باشور و یابان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، واژۆی لەسەر رێگەپێدانیک کردووە لەماوەی ٩٠ رۆژدا رێوشوینە یاساییەکان بگیرێنە بەر لە پێناو دانەوەی قەرزەکانی کۆریای باشور و یابان، چونکە رێکارەکان ئەو ماوەیەی پێویستە.

وەتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، ئامانج لەم رێگە پێدانە رازیکردنی هاوبەشەکانی وڵاتەکەیەتی، چونکە ئەمریکا نایەوێت لەرێگەی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێرانەوە زیان بە هاوبەشەکانی بگات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەساڵی ٢٠١٩ەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە بە ئامانجی سنوردارکردنی توانا دارایی و ئابورییەکان و جموجوڵە بازرگانییەکانی ئێران سەرجەم پارەکانی ئەوڵاتەی لەبانکەکانی دەرەوەی ئێران دەستبەسەراگرت و بلۆکی کردن.

لەلایەکی دیکەوە، داوی دەست بەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە ٦ی نیسانی ٢٠٢١دا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بە سەرپەرشتی یەکێتی ئەوروپا و بە ئامانجی رزگارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا گفتۆکانی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەوە دەستپێکردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ تاک لایەنانە لەسەر دەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لێی کشایەوە.

کامەران ئەحمەد













گەلەری