سەردێڕ:

هەواڵگری ئەمریکا: هەڕەشەی گەورەی تیرۆری نێودەوڵەتی بۆ سەر جیهان لە عێراقەوەیە

PM:12:08:14/09/2021

4536 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، هەڕەشەی گەورەی تیرۆری نێودەوڵەتی بۆ سەر وڵاتەکەی و جیهان لە یەمەن و سۆماڵ و سوریا و عێراقەوەیە، نەک ئەفغانستان.


ئەفریڵ هاینز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نشتیمانی ئەمریکا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە واشنتۆن رایگەیاند، هەڕەشەی تیرۆری نێودەوڵەتی لە یەمەن و سۆمال و سوریا و عێراقەوەیە نەک لە ئەفغانستان.

ئاماژەی بەوەشداوە، "سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی گەورەی هەواڵگری ئەمریکی لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەن لە ئەگەری سەرهەڵدانەوە و دەرکەوتنەوەی گروپە چەکدارییەکان لە ئەفغانستان، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە سەرچاوەی نیگەرانی داڵدەدانی تیرۆر نییە بەشێوازێک بتوانن هێرش بۆ سەر ئەمریکا بکەن".

ئەفریڵ هاینز ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئەفغانستان ناخەنە ناو لیستی لە پێشینەی کارەکانیان وەک سەرچاوەی هەڕەشەی تیرۆری نێودەوڵەتی، بەڵکو بۆ ئەوان مەترسی گەورە لە یەمەن و سۆماڵ و سوریا و عێراقدا دەبیننەوە.

باسی لەوەشکرد، هەر لەگەڵ دەستکردن بە کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان، دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جموجوڵی گروپە چەکدارییەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی مانگی رابردوو، دوای ئەوەی سوپای ئەفغانستان لە زۆربەی شارەکاندا پاشەکشەی کرد، چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر زۆربەی شار و هەرێمەکاندا گرت و کابوڵی پایتەختیان کۆنترۆڵکرد و رۆژی ٦ی ئەم مانگەش تاڵیبان کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی وڵاتی راگەیاند.

بڕیاریشە لە ٣١ی کانونی یەکەم ئەمساڵ ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و تەنها ژمارەیەک راوێژکار و راهێنەری سەربازی بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەهێلێتەوە.

كـ، ئـ













گەلەری