سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی کەیسێکی نامۆی دزيکردنی ئاشکراکرد

AM:11:45:14/09/2021

9440 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی بێهۆشکردن و دواتر دزینی ئاڵتونی چەندین ژن لە ماڵەکانی خۆیاندا، ژنێکیان دەستگیر کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرایکرد، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی - نوسینگەی رۆژھەڵات تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە چەند جارێک و لەچەند ماڵێکدا ئاڵتونی دزیبوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ھاوڵاتییەکەوە کە لەماڵەکەی خۆیدا بێھۆشکراوە و دواتر ئاڵتونەکانی دزراوە، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان دەستپێکرد.

دەشڵێت، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (ج، خ، ت) لەدایکبووی ١٩٧٠ دەستگیربکەن و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە چەند جارێک و لەچەند ماڵێکدا ئاڵتونی دزیبوو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیانراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباری ناوبراو بەناوی یارمەتیدان و ھاوکارییەوە خۆی لەو ئافرەتانە نزیککردووەتەوە کە بەتەنھا ژیاون، دواتر خاوەن ماڵەکەی بێھۆشکردوە و ئاڵتونەکانیانی دزیوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٣ راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.













گەلەری