سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆنی نەرویج سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و دوو کوردیش دەبنە ئەندام پەرلەمان

AM:11:30:14/09/2021

9636 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بەڕێوەچوو و بەپێی ریزبەندی کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ پەرلەمان، دوو کورد توانیویانە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و ببنە ئەندام پەرلەمان لەو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەش، بەرەی چەپ و ئۆپۆزسیۆنی نەرویج توانیویانە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن.


دوێنێ ١٣ی مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بۆ ساڵەکانی ٢٠٢١-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، کە ئەنجامە بەراییەکان تەنها دوای ٣ کاتژمێر؛ دەنگەکان راگەیاندران و بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتەش، بەرەی چەپ بە رابەرایەتی پارتی کرێکارانی نەرویج، کە لە چەند حزبێک پێکدێن و بەرەی ئۆپۆزسیۆنن لە وڵاتەکە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بردووەتەوە و لە کۆی ١٦٩ کورسی پەرلەمان، زیاتر ١٠٠ کورسیان بەدەستهێناوە. کە ئەوە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو بەرەیە هەژماردەکرێت.

وەک میدیاکان باسی لێوەدەکەن، رێژەی بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە ٧٦،٦%و تیایدا حزبی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکردووە.

لە هەڵبژاردنەکەشدا هەریەک لە مانی حسێنی کاندیدی پارتی کرێکارانی نەرویج و سەحەر ئایدار کاندیدی پارتی سور دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوە.

مانی حسێنی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، مانی پێشتر سەرۆکی گەنجانی پارتی کرێکارانی نەرویج بووە. لەڕیزبەندی ٢٥ کاندیدی هەرێمی ئەکەرشوس، پێنجەم کاندید بووە.

سەحەر ئایداریش خەڵکی باکوری کوردستانە و پێشتر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجانی پارتی سور بووە. کاندیدی ژمارە دووی هەرێمی ئۆسلۆ بووە.













گەلەری