سەردێڕ:

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چەند نهێنییەک ئاشکرادەکات

PM:11:46:13/09/2021

17840 جار خوێندراوەتەوە

لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکیدا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کردووە، لەوانەش، پرسی روبەڕوبوونەوەی داعش، هەماهەنگی سوپای عێراق و پێشمەرگە، هێرشە موشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، بۆچوونی ئەمریکا و بایدن لەبارەی عێراق، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.


ماتیۆ تولەر بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی دژ بە داعش، لەکۆتایی ئەمساڵدا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، دەشڵێت، "هەر هەژموون و کاریگەرییەکی ئێران لە عێراقدا دژی ئەمریکایە."

ماتیۆ تولەر راشیگەیاندووە، هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە لەکۆتایی ئەمساڵدا هەڵمەتی دژ بە گروپی چەکدارانی داعش لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامدەدەن.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە زاری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت، "ئاسایش و ئەمنییەتی عێراق ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە." دەشڵیت، "رۆڵی ئێمە بریتییە لەوەی کە هێزە عێراقییەکان هێندە بە توانابن لە گەرەنتیکردنی نەگەڕانەوەی گروپی چەکداریی داعش."

لەبارەی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەوە، ماتیۆ تۆلەر ئەوەشی خستەڕوو، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە هاوبەشی راستەقینەبوون لە تێکشکانی داعشدا و پێویستیشە بەهێزترین هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت.

تایبەت بە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوەشکردووە، "ئەو هێرشانە هەڕەشەی جدین بۆسەر ئەمنییەت و ئاسایشی عێراق"، ئەوەشی وتووە، "دراوسێکانی عێراق خوازیارن کە گروپە چەکدارییەکان لە ژێر چاودێریی و دەسەڵاتی عێراقدا بێت."

لەبارەی تێڕوانینی بایدن لەسەر عێراق و بارودۆخەکەی، باڵیۆزی ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە، "سەرۆک بایدن روونیکردووەتەوە کە ئەمنییەت و ئاسایشی عێراق ئەمنییەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، عێراق دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سرووشتییەکان بەڵام حکومەتەکانی پێشووی عێراق نەیانتوانیوە بەپێی پێویست سوودی لێوەربگرن."

هاوکات، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی پرسی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقی کردووە و وتوویەتی، "ئەنقەرە هاوبەشێکی بەهێزی بەغدایە و ئەمریکا خۆشحاڵە بەهەر هەنگاوێک کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەهێز بکات"، دەشڵێت، "هێزەکانی تورکیا هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)."

تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنەکانیش، ماتیۆ تولەر هیوای هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو و خاوێنی بۆ گەلی عێراق خواست و جەختی لەوەشکردەوە، "هەڵبژاردنە رێگەیەکە کە دەتوانرێت دەنگی گەلی عێراقییەکان لەو رێگەیەوە ببیسترێت."

لە ٢٦ی تەمموزی ئەمساڵدا، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکاوە، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، "هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق لەکۆتایی ئەمساڵدا دەکشێنەوە" و جۆ بایدنیش پشتگیری ئەمریکای بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دووپاتکردەوە.

نەورەس غەریب








گەلەری