سەردێڕ:

ئایا سبەینێ مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆتی دەوام دەکەن؟

PM:11:25:13/09/2021

19876 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لەهەرێم دەستپێبکاتەوە و نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن.


کارزان جەمال نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبوونەتەوە و تیایدا بڕیاردراوە کە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە هەڵوێستی خۆیان لەرێگای "فشارە مەدەنییە جۆراوجۆرەکانەوە" دەرببڕن.

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، حکومەت و وەزارەتی پەروەردە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکردوون و لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا کە خۆپیشاندانیان کردووە، حکومەت بەدەم داواکەیانەوە نەچووە.

لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە ئەمانە دانەمەزراون و پێشتر حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم.

بەڵام لە مانگی ٢ی ئەمساڵەوە بەپێى بەشە وانەکان شایستەى داراییان بۆ خەرج دەکرێت و ئەوەش نارەزایەتییەکى زۆرى لەلاى مامۆستایانى وانەبێژ دروستکردووە و بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ وەکو نارەزایەتییەک خۆپیشاندانیان لەبەردەم پەروەردە جیاوازەکان و ئەنجومەنى وەزیران ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دامەزراندنیان.

لای خۆشییەوە، ئەحمەد گەرمیانی جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی پشتگیری لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن، بەڵام لەو بڕوایەشدان کە حکومەتی هەرێم توانای دامەزراندنی تەواوی ئەو مامۆستایانەی نییە و دەبێت رێکاری گونجاو لەو بارەیەوە بدۆزرێتەوە و بگیرێتەبەر.

رۆژی هەینی، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە کرد لەسەر ئەو بابەتە و وتی، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات، بابەتەکە پەیوەندیدارە بە کام لایەنی فەرمییەوە.













گەلەری