سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبای هەرێم: کارەبای ئەم کەسانە دەبڕین

PM:09:20:13/09/2021

105024 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەت پێویستە هاوبەشانی کارەبا پابەندبن بە قەرزی پارەی کارەبا، دەشڵێت، "بەپێی یاسا هەر کەسێک پابەند نەبێت بە پێدانی پارەی کارەبا، کارەباکەی دەبڕین."


ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، بەمەبەستی لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و گوزەرانی هاوڵاتییان، حکومەت پارەی هاوبەشانی کارەبا بەشێوەی قیست وەردەگرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە توانای پێدانی پارەی کارەبایان نییە.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانیشەوە وتی، رێنماییەکان لە پێشووتردا هەبوون و لەئێستاشدا کار بەم رێنماییانە دەکرێت، دەشڵێت، "لەدەسەڵاتی وەزارەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبادایە کە کارەبای ئەو کەسانە ببڕن کە پارەی کارەبایان نادەن."

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێم کۆبووە و تیایدا، چەند رێنمایی و بڕیارێکی نوێ دەرکران و لەوانەش، "کۆکردنەوەی داهات و چاپکردنی پسووڵەی کارەبا لەکاتی خۆیدا."

ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لەئاست داواکارییەکانیاندا نییە.








گەلەری