سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی لەسەر خەرجنەکردنی پارە سکاڵا لەسەر بانکی هەرێم لقی سلێمانی تۆمار دەکات

PM:12:38:30/05/2023

2964 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لقی سلێمانی تۆمار دەکەن و دەشڵێت، "نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیان لەدەستدان، ئۆباڵەكەی دەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."


هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگ لە كۆی ٣٠ ملیار دینار كە پێویست بوو بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بكات تەنها پێنج ملیار ی خەرجکردووە، كە تەنها بەشی مانگێكە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیان لەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەكەی دەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەكەین كە نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشت و گوزاردا بكات هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابینكردووە، بێئاگا لەوەی لە ئێستاداچارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەموو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە."

دەشڵێت، "ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابینكردنی پارەی پێویستی خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی."

گرفتی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ماوەیەکی زۆرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا بەردەوامە و بەرپرسانی تەندروستیش چەند جارێک هۆشدارییان لە نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا داوە.













گەلەری