سەردێڕ:

بێگەرد تاڵەبانى: لەمەودوا جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ رادەستى سایلۆکان بکەن

PM:03:56:29/05/2023

4512 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى کشتوکاڵى ماوەبەسەرچوى هەرێم رایگەیاند، بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ رادەستى سایلۆکان بکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵى حکومەتى ماوەبەسەرچوى هەرێم رایگەیاند، بەپێی ئەو پشتگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت، لەمەودوا جوتیاران دەتوانن راستەوخۆ گەنمەکانیان رادەستى سایلۆکان بکەن و وەرگرتنى گەنم ئازاد دەکرێت.

بێگەرد تاڵەبانى راشیگەیاند، بڕیاردراوە بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕووی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، بنکەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆى گەرمیان لە قەزاى کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کرایەوە و لەو چوارچێوەیەدا گەنمی جوتیاران بەپێی ئەو رێژەیەی بۆیان دیاریکراوە وەری دەگرن.

ئەمساڵ سایلۆی گەرمیان لە توانایدایە بڕى ٣٦ هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت: ئەمساڵ ١٤٣ هەزار و ٢٥٢ تۆن گەنم بەرهەم هاتووە.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەپێى زانیارییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، بڕیاردراوە ٤٠ ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران لە بانکەکانی کوردستان دابنرێت ، لەو بڕەش ٢٠ ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و ١٠ ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و ١٠ ملیاریش بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێت کە ١١٥ هەزار تۆن لە هەولێر و ١٠٠ هەزار لە دهۆک و ١٦٠ لە سلێمانی بێت.













گەلەری