سەردێڕ:

بەشیر حەداد داواى دانانى سنورێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەولێر دەکات

AM:09:14:13/09/2021

3060 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەولێری کرد و رایگەیاند، بەردەوامی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە تەواوی وڵات و بەزاندنی سەروەری نیشتمانیی.


بەپێی راگەیەندراوێک کە لە نوسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "دەبێت ئەو لایەنانەی کە لە پشت ئەو کارەوەن ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانە بکرێت لە ئاسمان و زەوییەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و سنورێکیش بۆ کۆتاییهێنانی هێرشەکانیان دابنرێت".

شەوى شەممەى رابردوو لەرێگای دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کە بەشێک لە ھێزەکانی ھاوپەیمانانی تیادا جێگیرکراوە.

پێشتریش واین مارۆتۆ وتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ئاشكرایكردبوو، ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە رێگای دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وە ئەنجام دراوە.

واین مارۆتۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندبوو، "فڕۆکەکان، لە لایەن سیستمی بەرگریی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، خراونەتە خوارەوە. یەکێک لە فڕۆکەکان لە بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و ئەوەی دیکەیش لە دەرەوەی بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە".













گەلەری