سەردێڕ:

قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات؛ تانکی سەربانەکانتان پاک بکەنەوە

AM:10:50:17/05/2023

112720 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی یەک هەفتە مۆڵەتی بۆ شوێنکاری خواردەمەنییەکان داناوە، تا تانکی ئاوەکانیان بشۆن و پاکبکەنەوە، دەشڵێت، بە پێچەوانەوە سەرجەمیان دادەخرێن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بە هەڵمەتێکی گەورە کردووە و سەردانی سەرجەم خواردنگەکان دەکەن بۆ پشکنینی تانکی ئاوەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەموو خاوەن خواردنگەکان لە ماوەی یەک هەفتەدا تانکیەکانیان پاک بکەنەوە. دوای سەردانی لیژنەکان لە ئەگەری پاک نەبوونیان دادەخرێن.

ئاو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوە و زوو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، پیسبوونی ئاو دەبێتە هۆی چەندان نەخۆشی لەوانە، سکچون و کۆلێرا و هەوکردنی جگەر و هەندێک جار شێرپەنجە.

هاوکات، بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان دەبێت ئەو تانکی ئاوانەی کە ژەنگیان کردووە بگۆڕدرێن چونکە ژەنگ ماددەیەکە، لەش ناتوانێت شی بکاتەوە و دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە.

هاوکات، دانانی سەرقاپێکی باش بۆ تانکییەکان بۆ ئەوەی پیسی و ئاوی باراناو نەچیتە ناو تانکییەکان، یاخود ئاژەڵەکانی وەک پشیلە و خشۆکەکان و مشک و جرج و باڵندەکان نەکەونە ناوییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان دەبێت تانکی سەربانەکانیان شەش مانگ جارێک بشۆن.

لەلایەکی دیکەشەوە، لە ئەگەری بەکارهێنانی تانکی ئاوی پلاستیکیدا، دەبێت هاوڵاتیان ئاگاداری دروستبوونی قەوزە بن و جۆرێکی باشی تانکی بەکاربهێنن.













گەلەری