سەردێڕ:

راگەیاندراوێک لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی دوێنێی هەولێر

PM:03:06:12/09/2021

4136 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ئەم هێرشە بەردەوامانە هەڕەشەن بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق. وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەدا، "هێرشەکان سەروەری عێراق لاوازدەکات".


ئەمڕۆ یەکشەممە، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر راگەیانراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڵاوکردەوە و تیایداهاتووە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هێرشە بەردەوامانە هەڕەشەن بۆ سەروەری و سەقامگیریی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسیارانی هێرشەکە.

دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامە لە پابەندبوونی بە پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری.

لەلایەن خۆیەوە، وەین مارۆتۆ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا لە بارەی هێرشی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هێرشەکە لەلایەن دوو درۆنەوە بووە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە."

باسی لەوەشکردووە، "هەر هێرشێک لە دژى حکومەتى عێراق، حکومەتى هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانان بێت، سەروەری یاسا و دەسەڵاتى دامەزراوە عێراقییەکان و سەروەریی نەتەوەیی عێراق لاواز دەکات".

دەشڵێت، ئەم هێرشانە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی، هەروەها هێزە هاوبەشەکان لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق، پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کاتژمێر ١١ و ٤٥ خولەکی شەوی رابردوو، لەرێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و تیایادا شەش موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکە کرا.

كـ، ئـ













گەلەری