سەردێڕ:

پێشبینی راوەستانی ئینتەرنێت بۆ ئەم ماوەیە دەکرێت

PM:12:35:12/09/2021

141064 جار خوێندراوەتەوە

نوێترین توێژینەوە ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەو گەردەلولە خۆرییەی پێشبینیدەکرێت روو لە زەوی بکات تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا پەکیان بکەوێت و لەکار بکەون و بەمەش جیهان رووبەڕوی کارەساتێک دەبێتەوە.


لە کۆنگرەی پەیوەندییەکان و داتاکاندا SIGCOMM 2021، نوێترین توێژینەوە لەبارەی روودانی گەردەلولی خۆرییەوە پێشکەشکرا و تیایدا هۆشداری درایە جیهان کە رووبەڕوی کارەساتی پەککەوتنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت دەبێتەوە بەهۆکاری ئەوەی هیچ پڕۆتۆکۆڵێک ئامادەنەکراوە بۆ رووبەڕوبوونەوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەکەدا.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو وڵات و کیشوەرانەی لە رێگەی کێبڵەوە هێڵی ئینتەرنێتییان لە ژێر دەریا و زەریاکانەوە بۆ گوازراوەتەوە، لەکاتی روودانی گەردەلولی خۆرییدا، پەیوەندییەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگێک دەپچڕێن و پەکییان دەکەوێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕی Space.com، توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، خۆر بە ناردنی تەنۆلکەکانی، زەوی دادەپۆشێت کە بە گەردەلولی خۆریی ناسراوە، بەڵام بەهۆی ئەو شەپۆلە موگناتیسییانەی دەوری زەوییانداوە رێگەنادات بەشێکی زۆر لەو تەنۆلکانە بگەنە سەر زەوی، بەمەش رێگە نادات هیچ زیانێک بە زەوی و دانیشتووانەکەی بگات و هیچ رووداوێک رووبدات. هەربۆیە لە جیاتی ئەوە تەنۆلکەکان بۆ جەمسەرەکان دەنێرێت و بەمەش کازیوەیەک لەو ناوچانە دروستدەکات و بەجێیاندەهێڵێت.

توێژینەوەکە هۆشداری داوە لەوەی بەنزیکەیی هەموو سەدەیەک، ئاستی گەردەلولەکە بەرزدەبێتەوە و بەهۆی هەڵگرتنی رێژەیەکی زیاتر لە تەنۆلکە ئەگەری هەیە کارەساتێک لە جیهاندا دروستبکات.

سانجیسا عەبدە جیۆتی مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی کالیفۆڕنیا و ئامادەکاری توێژینەوەکە لە وردەکارییەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبیندەکرێت گەردەلولە خۆرییەکە هەموو زەوی و جیهان بگرێتەوە و بەهۆیەوە بۆماوەی چەندین هەفتە تا چەندین مانگ تۆڕەکانی ئینتەرنێت پەکییان بکەوێت.

باسی لەوەشکردووە، ئەم گریمانەیە وای لێکردووە توشی جۆرێک لە ترس بێت، چونکە هاوشێوەی پەتای کۆرۆنا، مرۆڤایەتی بێ هیچ خۆ ئامادەکردن و هەبوونی پرۆتۆکۆڵێک بۆ روبەڕوبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا توشی هات و کارەساتی دروستکرد. ترسی ئەوەی هەیە ئەم دیاردەیەش هەمان کارەسات توشی مرۆڤایەتی بکات، چونکە هیچ ئامادەکارییەکی بۆ نەکردووە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە گەردەلولی خۆریی دیاردەیەکی دەگمەنە و زانایان پێشبینیدەکەن هەموو دەیەیەک کەش و هەوای بۆشایی ئاسمان کاریگەری توندی بە رێژەی ١.٦٪ بۆ ١٢٪ لەسەر زەوی هەبێت.

لە کۆتایی توێژینەوەکە سانجیسا عەبدە جیۆتی ئاماژەی بەوەداوە، پێشبینیدەکرێت گەردەلولی خۆری بەشێوەیەکی فراوان ژێرخانی تۆڕی ئینتەرنێت لە جیهاندا بگرێتەوە، بەڵام زیادکردنی کێبڵی هێڵەکانی گواستنەوەی ئینتەرنێت و پەرەپێدانی تاقیگەکانی دەستنیشانکردنی شکستهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی فراوان سەرەتایەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەردەلولەکە.

دەشڵێت، هەرکاتێک تەقینەوکە لە خۆردا رووبدات، ئەوا دوای ١٣ کاتژمێر گەردەلولە خۆرییەکە دەگاتە سەر زەوی.

ئەمە لەکاتیکدایە، لەماوەی رابردوودا تەنها دوو جار روودانی گەردەلولی خۆری تۆمارکراون ئەوانیش یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥٩ و جاری دووەمیش لە ساڵی ١٩٢١


كـ، ئـ













گەلەری