سەردێڕ:

٧٢ زیندانیانی بادینان مانگرتنی گشتیان راگەیاند و پەیامێکیان بڵاوکردەوە

PM:08:12:11/09/2021

6280 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان رایگەیاندووە، لە ٦ی ئەم مانگەوە ٧٢ زیندانی بادینان مانگرتنی گشتیان راگەیاندووە و دۆخی بەشێکیان ناجێگیرە.


ئەیھان سەعید نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە پەیامێکدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان مانگرتنی ئەو زیندانیانەی راگەیاندووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دوای سزادانی ھەندێک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان و دواخستنی دادگایی بەشێکی زۆریان، بەرامبەر ئەو نادادی و پێنەدانی مافە یاساییەکانییان و ئەشکەنجەدانی سایکۆلجی و جەستەیی، سەرچاوەیەک لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر پێیی راگەیاندین لە رێککەوتی ٦ی ئەم مانگەوە ٧٢ زیندانیانی بادینان کە پێکدێن لە (رۆژنامەنووس، چالاکوان، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، نوسەر و مامۆستای زانکۆ) مانگرتنی گشتیان لە خواردن کردووە، ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە."

ئەوەش هاتووە، "داوا لەUN و پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەلاتی جێبەجێکار و دادوەری، نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و بەغدا، رێکخراوەکانی جیھانی مافی مرۆڤ دەکەین سەرەدانی زیندانیەکان بکەن و فشار بکەن کە مافە یاساییەکانیان بۆ دابین بکەن، کە پێکدێن لە:

یەکەم: رێگەپێدان بۆ بینینی خێزان و پارێزەرەکانیان کە بەپێ (اصول المحاكمات الجزائية) مافی ھەموو زیندانیێکە پارێزەری ھەبێت.

دووەم: گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە زیندانی ئاسایشی گشتی بۆ چاکسازی گەوران کە تەنیا چوار زیندانی گواستراونەوە، چونکە دۆخی ئەوانی دیکەش لە ئاسایش زۆر خراپە و بەشێک لە زیندانیان زیاتر لە ٤٠ کیلۆ لە جەستەیان دابەزیون، ناکرێت ئاسایش سکالاکار بێت و زیندانیەکانیش لەژێر زیندانەکانی ئەواندا بن.

سێیەم: دادگایی گشت راگیراوەکان دەستپێبکەن و یەکلایی بکرێنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە مەبەست دادگایی ناکرێن.

چوارەم: زیندانیەکان مەدەنین و ھیچ بەڵگەیان لەسەر نییە بۆ ئەو تومەتانەی دەخرێنە پاڵ بویە پێویستە بەپێ یاسای ژمارە (٣٥)ی رۆژنامەگەری کوردی، یاسای ژمارە (١١)ی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک یاسای ١ی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم.

ئەوەش هاتووە، "مانگرتنی ئەوان بەھۆی ئەو زوڵمەیە لە زیندان لەبەرامبەریان ئەنجامدەرێت." ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوان بێ تاوانن و لەسەر بیرورای جیاواز دەستگیرکراون ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر دەکات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ناوچەکە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڕوات و لەبری هاوکاریکردن و زوو بەئەنجامگەیاندنی کەیسەکانیان داداگییەکانیان دوادەخرێت و بەشێکیان ماوەی ساڵێکە بەبێ دادگایی لە زینداندان.













گەلەری