سەردێڕ:

هەرێم لە پێناو دلڤیندا گیانی لەدەستدا

PM:07:12:10/09/2021

53952 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رووباری گەلی عەلی بەگ گەنجێکی تەمەن ٢٨ ساڵ ویستویەتی هاوسەرەکەی لە ناو ئاودا رزگار بکات، بەڵام خۆی خنکاوە.


لەراگەیەندراوێکدا بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوەکردووە، ئەو خێزانە بەمەبەستی گەشت و گەڕان سەردانی هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگیان کردووە، رووداوەکەش بەجۆرێک بووە کە پیاوەکە ویستوویەتی هاوسەرەکەی رزگار بکات، بەڵام دوای رزگارکردنی ئەو، خۆی خنکاوە.

رووداوەکە کاتژمێر سێ و ٣٥ خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگدا روویداوە و ئەو گەنجە ناوی (هەرێم محمد مولود) بووە، پیشەی کاسب بووە و دانیشتووی گەرەکی قەڵای نوێی شاری هەولێر بووە.

لەبارەی چۆنییەتی خنکانی ئەو گەنجەشەوە، دلڤین کەمال هاوسەری ناوبراو بە بەرگری شارستانی سۆرانی راگەیاندووە، "سەرەتا (دلڤين) نزیک دەبێتەوە لە کەناری رووبارەکە دەکەوێتە ناو رووبارەکەوە و لە لایەن هاوسەرەکەیەوە، رزگار دەکرێت بەڵام ناتوانێت گیانی خۆی رزگار بکات و لەنێو رووبارە کە دەخنکێت."

دواتریش، لەلایەن هاوڵاتیانی نزیک لە رووداوەکەوە تەرمەکەی لە رووبار دەردەهێنرێت و رەوانەی پزیشکی داد دەکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ١٢ هاوڵاتی لەنێو رووبارەکانی سنورەکەدا خنکاون.













گەلەری