سەردێڕ:

پاش حەوت مانگ؛ بایدن و سەرۆکی چین پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا

PM:05:43:10/09/2021

3444 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا، ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفونی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خی جیپینگی سەرۆکی چینی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هەردوو سەرۆک "بەرپرسیارێتی هەردوولایان لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە کێبڕکێ و ململانێکانیان بەرەو ئاڵۆزیی و گرژیی هەنگاو نانێت" تاوتوێ کردووە.


ماوەی حەوت مانگ بوو کە هەردو سەرۆک هیچ پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجام نەدابوو، بە پەیوەندییەکەی ئەمڕۆش بەستەڵەکی توندی نێوان هەردوو وڵات توایەوە، راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بایدن و هاوتا چینییەکەی گفتوگۆیەکی ستراتیژیی و فراوانیان هەبووە."

لەماوەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمە دووەم پەیوەندیی تەلەفونی جۆ بایدنە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیش، "سەرۆکی چین و هاوتا ئەمریکییەکەی گفتوگۆی بەرژەوەندییە هاوبەش، مەیدانەکانی کارپێکەوەیی و هاوبەشی نێوانیان کردووە."

تایبەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکانی چین و ئەمریکا، میدیای فەرمی چین بڵاویکردووەتەوە، "لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ و ستراتیژیی فراوانلە چەندین بواردا ئەنجامدراوە."

لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپیشدا و لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئیدارەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دوو جار لەرێگای پەیوەندی تەلەفونییەوە لەگەڵ هاوتا چینییەکەی قسەیکرد، سەرباری ئەوەش، بەفەرمیی بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد و پێکەوە و دوو بەدوو گفتوگۆیان کرد.

لەلایەکی تریشەوە، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، "پەیوەندییە تەلەفونییەکە لەسەر داوای جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە.

پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین، ماوەی چەند ساڵێکە بەرەو ئاستێکی توندی ملاملانێ رۆشتووە و هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا، لەسەر چەند پرسێک ناکۆکن لەوانەش، هەژموونی چین بەسەر ئابووری جیهانیدا، دەستێوەردانی ئەمریکا لەکاروباری نێوخۆی چین، مافەکانی مرۆڤ و چەند پرسێکی دیکەش.













گەلەری