سەردێڕ:

سلێمان هەڵشۆییەکەی هەولێر؛ هەزار دەفتەر دۆلاری برد و هەڵهات

PM:03:28:10/09/2021

62424 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەرێکی پزیشکی دەرمانساز لە هەولێر، نزیکەی هەزار دەفتەر دۆلاری خەڵکی بردووە و رایکردووە و سەندیکای پارێزەرانیش بابەتەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاستکردەوە.


بەگوێرەی وتەی چەند پزیشێکی دەرمانساز و ئاگادار لە بابەتەکە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، یاریدەدەرێکی پزیشکی دەرمانساز کە خاوەنی دەرمانخانەیەکە لە یەكێک لە گەڕەکانی شاری هەولێر، هەزار دەفتەر دۆلار ئەمریکی بردووە و هەڵهاتووە.

باسیان لەوەشکردووە، ئەو کەسە ناوی (ز. هـ)ـە و یاریدەدەری پزیشکی دەرمانسازە.

هاوکات، نەقیبی سەندیکای پارێزەران بابەتەکەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاستکردەوە و وتی، "بڕە پارەکە هێندە زۆر نییە کە باس دەکرێت" و ئەو کەسە دکتۆر نییە تەها کەسێکی ئاساییە و وەک هەر کەسێکی ئاسایی کاری کڕین و فرۆشتنی دەرمان دەکات

باسی لەوەشکرد، کەسەکە دیارنەماوە و رایکردوە بەشێک لە دەرمانخانەکان پەیوەندیان پێوەکردون و داوای بەدواداچوونیان لێکردوون.

تا ئێستا پۆلیس و لایەنە فەرمییەکان لەسەر بابەتەکە روونکردنەوەیان نەداوە و ئێن ئاڕ تی بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

 

ماوەیەک لەمەوبەر، گەنجێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەر دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەک زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ناتوانێت بیانداتەوە و تا ئێستاش ئەو گەنجە لەسەر ئەو کەیسە لە زیندانە.

پاش ئەوەش، کەسێکی دیکە بەناوی باکۆ فەیسەڵ، بە دزینی ٤٥ ملیۆن دۆلار لە رێگای کۆمپانیای تایبەت بە مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە تۆمەتبار دەکرێت و لە ئێستاشدا ئەو کەسە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە و ژمارەیەک هاوڵاتیش داوادەکەن حکومەت پارەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

هاوکات، لە سنوری قەزای پشدەر کەسێک کە بە ئیبراهیم گەوهەر خۆی وەک بازرگانی نەوت خۆی ناساندووە، وەک خاوەن قەرزەکان باسیدەکەن لەو رێگەیەوە توانیوویەتی نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە خەڵکی وەربگرێت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵبێت.


 













گەلەری