سەردێڕ:

پۆلیس لەبارەی هەڕەشەکردن لە کچان بۆ بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیان روونکردنەوە دەدات

PM:10:44:09/09/2021

6748 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت بابەتی هاککردنی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و بابەتی کەسییەوە زیاتر پەرەدەسێنێت و لەسەر ئەو بابەتە لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و شارەزای ئایتی زانیاری ورد بۆ پاراستنی تۆڕەکان لەلایەن هاوڵاتییانەوە دەخەنەڕوو.


سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەمساڵ ٥٠٠ دۆسییەی هاککردن لە سلێمانی تۆمارکراوە و هەر کەسێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە بکات دادوەر زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنێت."

جەختیش دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو کەسەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لێدەکرێت دەبێت سکاڵا تۆماربکات"، دەشڵێت، "زۆرینەی ئەوان هاک دەکەن دەستگیریان دەکەین."

سەرکەوت ئەحمەد لەسەر بابەتەکە چەند کەسێکی جۆراوجۆری باسکرد و وتی، "کچ هەبووە پارەی لە ماڵەوە دزیوە بۆ ئەوەی وێنەکانی بڵاونەکرێتەوە."

هەر لە تاوتوێدا، قاسم حەمە خورشید شارەزای ئایتی وتی، "ئەو مۆبایلەی رۆژانە بەکاریدەهێنین وێنە و زانیارییەکانی تێدا پارێزراو نییە و بەشێکی زۆری بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشیارنین بۆیە هاکدەکرێن."

شارەزاکەی ئایتی چەند کەیسێکی لەبارەی چۆنییەتی هاککردنەوە باسکرد و دەڵێت، "بەشێک لەوانەی هاک دەکەن ئەپلیکەیشن لەناو مۆبایلەکەدا دادەبەزێن زانیارییەکانی تێدا دەدزن"، دەشڵێت، "بەناوی خەڵات وەرگرتنەوە ئێستا خەڵک هاک دەکرێت."

هەفتەیەکە بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چەند کچ و کوڕێکی گەنج تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاندووە کە تییادا جگە لە سوکایەتیکردن بە خۆیان پەشیمانیش دەردەبڕن، دواتریش ئاشکرابوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باندێک فریوی داون و گرتەی ڤیدۆیی گرتوون و هەڕەشەی وەرگرتنی پارەی لیکردون و ڤیدۆکانیشی بڵاوکردونەتەوە.














گەلەری