AM:10:14:09/09/2021
4392 جار خوێندراوەتەوە
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لەو بەرپرسانە کردووە لە ئەنجومەنی راوێژکاریی ئەکادیمی سەربازیدان و لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا دامەزراون، دەست لەکاربکێشنەوە یاخود دەردەکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵە ئەمەریکییەکە، لەنێو ئەو کەسانەی کە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان لێ کراوە، ١١ بەرپرسی باڵای سەردەمی ئیدارەی ترەمپی تێدایە لەوانەش، شۆن سبایسەر سکرتێری رۆژنامەوانی پێشووی کۆشکی سپی، کیلییان کونوای گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ لەسەردەمی ئیدارەکەیدا و ئاتش ماکماستر راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکای تێدایە.
تایبەت بەو پرسەش، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا
ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئیدارەی بایدن داوایەکی لەو شێوەیەی
لەو کەسانەی کە ئاماژەی پێدراوە کردووە".
جین ساکی ئەوەشی روونکردەوە، "ئامانجی بایدن لەم کارە ئامانجی هەر
سەرۆکێکی دیکەیە، کە دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی ئەو کەسانەی بۆ ئەو ئەنجومەنانە هەڵدەبژێردرێن،
شیاو و گونجاو بن". جەختیشیکردەوە، "بەڵێ ئەو داوایەنە لەو بەرپرسانە
کراوە."
دۆناڵد ترەمپ چل و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
بوو لەساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠، لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاشدا، لەبەرامبەر جۆ بایدن
کاندیدى دیموکراتەکان، شکستیهێنا و بایدن بە چل و شەشەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا.