سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە

PM:11:05:26/03/2023

2412 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە و باسیان لە گەشەپێدانی سیستەمی دارایی عێراق و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئەو وڵاتە بە پشتیوانی دارایی بانکەکە کرد.


پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ئەندامانی لیژنەکە لەگەڵ شاندی بانکی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەو پڕۆژە عێراقییانەی لەلایەن بانکی نێدەوڵەتییەوە پشتیوانی دارایی لێدەکرێت و لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا نووسراون، جگەلەوەش گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی بە ئۆتۆماتیکی کردنی سیستەمی دارایی عێراق کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆڵی بانکی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی قەرزە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە گرنگ زانیوە.

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکە توێژینەوە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە واژۆی لەسەر کراوە و چۆنیەتی پشتیوانیکردنی دارایی لەو پرۆژانە کراوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی گفتوگۆیان لەسەر ئەگەری سوود وەرگرتن لە ئامادەکردنی سیستەمێکی دارایی تەواوکاری ناسراو بە "ifms" و پێشکەشکردنی بودجە و ئامادەکردنی راپۆرتی هەژمارە کۆتاییەکان لە پرۆژەی بودجە کردووە.

ئـ.عـ













گەلەری