سەردێڕ:

هەنگاوێک بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمان دەگیرێتەبەر

PM:12:13:08/09/2021

6168 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکای دەرمانسازانی عێراق رایگەیاند، پێشنیازی دوو پرۆژەی پەیوەست بە دابەزاندنی نرخی دەرمان و بەکارهێنانی رەچەتەی ئەلیکترۆنی خستووەتەبەردەم حکومەتی فیدڕاڵی.


ئەمڕۆچوارشەممە، مستەفا محەمەد ئەمین سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، پێشنیازی دوو پڕۆژەیان پەیوەست بە دابەزاندنی نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکان، لە چوارچێوەی سندوقی بیمەی تەندروستی و رەچەتەی ئەلیکترۆنی خستووەتەبەردەم حکومەت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لەکاتی دانانی نرخی دەرمان پشت بە نرخی دۆلار ببەسترێت، چونکە لە کڕینی دەرماندا ١٠٠ دۆلار بە ١٢٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت نەک بە ١٤٧ هەزار دینار. دەشڵێت، بە گرتنەبەری ئەم رێکارە نرخی دەرمان بەڕێژەی ٢٠٪ دادەبەزێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی پرۆژەکە، رەچەتەی دەرمانەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، بەجۆرێک هەرکاتێک لەسەر کۆمپیوتەر و بەگوێرەی بەرنامەکە نووسرا و بڵاوکرایەوە، راستەوخۆ ئەو رەچەتەیە بۆ چەندین دەرمانخانەی متمانەپێکراو دەنێردرێت نەک تەنها بۆ ئەو دەرمانخانەیەی نزیکە لە کلینیکی پزیشکەکانەوە.

دەشڵێت، دەرمانخانە متمانەپێکراوەکان، بەهۆکاری ئەوەی مانگانە بیمەی تەندروستی دەدەن، نرخی دەرمانەکانیان جێگیر و نەگۆڕدەبێت.

لە بارەی کاردانەوەی حکومەتی فیدڕاڵی لەبەرامبەر پرۆژە پێشنیازکراوەکان، مستەفا محەمەد ئەمین سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق باسی لەوەکرد، پرۆژە پێشنیازکراوەکان رادەستی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و دواتر بەنووسراوێک ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ کارلەسەرکردن و لێکۆڵینەوە، تاوەکو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و دارایی و پلاندانان و بانکی ناوەندییەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن و دیدی خۆیان بخەنەڕوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، سەندیکای دەرمانسازانی عێراق لە ١٦ی ئابی ئەمساڵدا ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابەزاندنی نرخی دەرمان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەبەرامبەر ئەو دەرمانخانانەی ساختەن و مۆڵەتییان نییە.

كـ، ئـ













گەلەری