سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدانی هێرشەکەی ئەمریکا لە سوریا بەرزبووەوە

PM:01:17:25/03/2023

5244 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کۆگایەکی ئێران لە سوریا بۆ ١٩ کەس و سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشە لە ئێران دەکات.


بەرەبەیانی دوێنی هەینی، فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "لێدانی خوێناوی" بۆردومانی کۆگایەکی سەربازی سوپای پاسدارانیان لە ئەلبو کەمال لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و سەربازگەیەکی دیکەی هێزەکانی ئێرانی لە جەرگەی شاری ئەلمەیادین کرد و بەهۆیەوە ١٩ کەس گیانیانلەدەستداوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، هێرشەکەی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشێکی ئێراندا بوو بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کە بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و ٥ سەربازی ئەمریکیش لە سوریا بریندار بوون و ئەو وڵاتەش بەرپرسیاریەتیەکەی خستە ئەستۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران.

هاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدایە ئێران کە ئەمریکا رێوشوێنی بەهێز بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان دەگرێتەبەر وتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەمریکا هەوڵ نادات بچێتە ناو ململانێ لەگەڵ ئێران، بەڵام ئاگاداربن ئێمە بە هێز گەلەکەمان دەپارێزین".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریکی جۆن کیربی وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لەکۆشکی سپی وتی، تاوەکو ئێستاش رێکخراوی داعش و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەڕەشەن لەسەر سەربازەکانی ئەمریکا لە سوریا.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانیان لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بووە بۆسەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک حەسەک کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە.

هاوکات لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا باسی لەوەکرد، ئەنجامدانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر هێز و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجامدراون.













گەلەری