سەردێڕ:

ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی چین بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا راگەیاند

PM:05:27:21/03/2023

3528 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت جیهان بە هیچ بڕیارێکی تاکتیکی لەلایەن روسیا و بە پاڵپشتی چین یان هەر وڵاتێکی دیکە بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر مەرجەکانی خۆی، فریو بخوات. دەشڵێت، "گومانیان لە دەستپێشخەرییەکەی چین هەیە".


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت جیهان بە هیچ بڕیارێکی تاکتیکی لەلایەن روسیا و بە پاڵپشتی چین یان هەر وڵاتێکی دیکە بۆ ئاگری بەستی شەڕی ئۆکرانیا و روسیا لەسەر مەرجەکانی خۆی، فریو بخوات.

باسی لەوەکرد، گومانیان لە دەستپێشخەرییەکەی چین هەیە و داوای ئاگربەست بەبێ کشانەوەی هێزەکانی روسیا لە ئۆکرانیا دەبێتە پاڵپشتی و بەهێزکردنی روسیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی شی جین پینگ سەرۆکی چین بۆ روسیا ئەوە دەردەخات کە چین هەست بە پێویستی لێپرسینەوە ناکات لە تاوانە جەنگییەکانی روسیا کە لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات.

دەشڵێت، ئەگەر چین بەڕاستی پابەندە بە وەستاندنی جەنگەوە، ئەوا پێویستە کاریگەرییەکانی لەسەر روسیا بەکاربهێنێت بۆ کشانەوە لە ئۆکرانیا.

ئەنتۆنی بلینکن وتیشی، ئەمریکا پێشوازی لە هەر پێشنیارێک دەکات کە پاڵپشتی ئاشتی بکات و دەستپێشخەریی چین ئەو خاڵانە لەخۆدەگرێت کە ئەمریکا پشتگیری کردوە، وەک ئاسایشی ئەتۆمی و چارەسەری قەیرانی مرۆیی، بەڵام خاڵی سەرەکی هەر پێشنیارێک دەبێت گەرەنتی یەکگرتوویی و سەروەریی خاکی ئۆکرانیا بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە بانگهێشتی فەرمی شی جین پینگ سەرۆکی چین سەردانی روسیایی کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا کۆبوەوە و بەشێکی کۆبوونەوەکە پەیوەستبوو بە جەنگی ئۆکرانیاوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکی چین ١٢ خاڵی وەک دەستپێشخەری بۆ ئاگربەستی جەنگی نێوان ئۆکرانیا خستە بەردەم سەرۆکی روسیا.













گەلەری