سەردێڕ:

شکستپێهێنانی هەوڵی دزینی دەستنوسێک کە تەمەنی زیاتر لە سێ هەزار ساڵە

PM:11:55:18/03/2023

9292 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە چالاکییەکی تایبەتی دەزگای هەواڵگری عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای زانیاری هەرێم نۆ کەسیان بە تۆمەتی بەقاچاغبردنی دەستنووسێکی مێژووی دەستگیر کردووە و مێژووی ئەو نووسراوە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا.


یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای زانیاری هەرێم توانیان نۆ کەس بە تۆمەتی بەقاچاغبردنی نووسراوێکی مێژووی دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتباران بەنیازبوون ئەو نووسراوە مێژوویییە بە رێگای قاچاغ ببنە دەرەوەی عێراق و لە کاتی ئەنجامدانی کردەوەکەدا دەستگیرکراون و دەست بەسەر دەستنوسەکەدا گیرا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر نۆ تۆمەتبارەکە گیراوەتەوە بەر و دۆسیەکەیان رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە.

پێشتریش نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکی ناسراو بە "ئێف بی ئای" پارچەیەکی شوێنەواریی دزراوی رادەستی حکومەتی عێراقی کردەوە کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ دوو هەزار و حەوت ساڵ پێش ئێستا کە پێشبینیدەکرێت لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراقەوە بە قاچاغبرابێت.



ئـ - ع













گەلەری