سەردێڕ:

سزای زیندانی بەسەر بەرپرسێکی باڵای پێشوودا سەپێنرا

PM:04:59:07/09/2021

10392 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئاگادار رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی نەینەوا سزای حەوت ساڵ زیندانی کردنی بەسەر ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی پارێزگاکەدا سەپاند، دەشڵێت، "سزادانەکانی لەسەر دۆسیەی کەوتنی پارێزگاکەبوو لەسەر دەستی داعش."


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێکی ئاگادار بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاندووە، لەسەر ئەو سکاڵایەی عەبدورەحمان لویزی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی کەوتنی پارێزگای نەینەوا لە دژی ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە بەرزکرابووەوە، دادگای تاوانەکانی نەینەوا سزای زیندانیکردنی بۆ نوجەیفی دەرکرد.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشدا، سزاکە بریتیە لە زیندانی کردنی ئەسیل نوجەیفی بۆ ماوەی حەوت ساڵ.

ئەوەشی خستەڕوو، سزاکە پەیوەستە بە دۆسییەی کەوتنی پارێزگای نەینەواوە لەسەردەستی گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ ئەو دۆسیەیە پێکهێنا عەبدورەحمان لویزی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەکە و لەوبارەیەوە سکاڵایەکی لە دژی ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری ئەوکاتی نەینەوا لە دادگای پارێزگاکە بەرزکردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا لە فەیسبوکی خۆی ئاشکرایکرد، "هەموو ئەوشتانەی دەیانزانم ئەوەیە تا ئێستاش ئەو دۆسییەیە لە دادگا ماوەتەوە و رێکارە یاسییەکانی بەرامبەر گیراونەتەبەر."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکو پێشتر دەیان دۆسییەی دیکەی هاوشێوەی تێپەڕاندووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا دەستیان بەسەر روبەرێکی فراوانی عێراقدا گرت، لە ناویاندا پارێزگای نەینەوا و لەوکاتەدا چەند بەرپرسێک وەک بەرپرسیار مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا و دۆسییەی هەندێکیشیان تا ئێستا بە کراوەیی ماوەتەوە.













گەلەری