سەردێڕ:

بومەلەرزەیەک شاری سلێمانی و دەوروبەری هەژاند

PM:09:38:16/03/2023

56168 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بومەلەرزەکە بە گوڕی ٥.١ پلە بە پێوەری رێختەر لە سنورەکانی ئێران عێراقی داوە. دەشڵێت، "بومەلەرزەکە لە شاری سلێمانی نەداوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەبووە و هەستی پێکراوە".


ئاسۆکەمال بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، بومەلەرزەکە ناوچەكانی سنوری ئێران عێراق لە باكوری رۆژهەڵاتی هەڵەبجە بەدوری ٦۷ كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی روویداوە.

دەشڵێت، بومەلەرزەکە کاتژمێر ٩:٣٢ خولەک روویداوە و لەشاری کەرکوکیش هەستی پێکراوە.

هاوکات وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی بوومەلەرزەکەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێر ٩:٣٢ خولەک بوومەلەرزەیەک لە سنوری عێراق و ئێران و بە دووری ٢٢ کیلۆمەتر لە هەڵەبجە بە گوڕی ٥ پلە رویدا و خەڵکی ناوچەکە و پارێزگای سلێمانی هەستیان پێکرد و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.

لایخۆشیەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند،بومەلەرزەكەی ئەمشەوی هەرێمی كوردستان بە گوڕی ٥.١ پلە روویدا و کاتژمێر ٩:٣٢بە قوڵایی ٤٣ کیلۆمەتر بووە لە دوورى ٧٦ کیلۆمەتر لە باشورى رۆژهەڵاتى سلێمانى و ١٣ کیلۆمەتر رۆژهەڵاتى هەڵەبجە روویداوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕە نێودەوڵەتییەکان، چەقی بومەلەرزەکە  ١٣ کیلۆمەتر لە نزیک شاری هەڵەبجە بووە.

 

 ئاماژە بەوەشدراوە، بومەلەرزەکە لە بەشێک لە شارەکانی ئێران، بەتایبەتی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەستی پێکراوە.

تۆڕی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی ئاماژەیان بەوەدا، بومەلەرزەکە لە هەریەک لە قەرەداغ و  شاری کەرکوک و گەرمیان و دەربەندیخان هەستی پێکراوە و لە پێنجوێن و هەڵەبجە بەهێز بووە.

هەر ئەمڕۆش، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی پێنج پلە بە پێوەری رێختەر شاری خۆی سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە باکوری رۆژئاوای ئێرانی هەژاند.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە بەرەبەیانی ٦ی شوبات بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧.٦ پلەی رێختەر باکور و رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی تورکیا و سوریای هەژاند و بەهێزی بومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس و ئاوارە بوونی سەدان هەزار خێزان سەرەڕای روخانی هەزاران باڵەخانە و زیانێکی زۆری مادی.

لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، بومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لە ئێران و تاجیکستان و لوبنان و ئەردەن و چەند وڵاتێکی دیکەشی داوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەشێک لە بومەلەرزەکان زیانیان هەبووە و بەشێکی دیکەشیان تەنها لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە هەستییان پێکراوە.

ک - ک  













گەلەری