سەردێڕ:

ئێران و عێراق بە رێژەی لە ٢٠٪ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان زیادیکردووە

PM:11:56:13/03/2023

2412 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کاروباری ئابوری و دارایی ئێران رایگەیاند، گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە. هاوکات، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئاسایش لە عێراق دووپاتکردەوە.


ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق و ئیحسان خەندوزی وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ئێران کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشیان سازکرد و تیایدا غەندوزی رایگەیاند، گفتوگۆی بنیاتنەر لە کاتی کارکردنی لیژنەی هاوبەشی نێوان بەغدا و تاران لە زۆر بواردا هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، گواستنەوە، وزە، کارەبا و غاز و ئاو و کاروباری بانکی و دارایی. دەشڵێت، "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن".

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی نێوان ئەو دوو ولاتە خەندوزی وتی، وڵاتەکەی هەمیشە جەخت لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە، بەو پێیەی شایەتحاڵی ئەوە بوون کە لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رێژەی ٢٠٪بەرزبووەتەوە.

خەندووزی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران لە ساڵانی رابردوودا کاری کردووە بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی ئاسایش لە عێراق و هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی لە پاڵ عێراق و حکومەتدا بوەستن و هەردوو حکومەت لە هەردوو وڵات کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم پەیوەندیانە زیاتر بەهێز بکەن.

هاوکات، ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، لێک تێگەیشتنێکی هاوبەشیان واژووکردوە و لەسەر زۆر بابەت رێککەوتوون کە پەیوەندی ئابوری پەرەپێدەدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا و زیادکردنی لێکتێگەیشتنە ئابوورییەکان کە خزمەت بەو دوو وڵاتە دەکەن.

وتیشی، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکەدا لایەنی وەبەرهێنان و لایەنی ناوچە ئازادەکان لە بواری بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابوری و زیادکردنی ئەم ئاڵوگۆڕە و دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی و هاوکاری لە بواری هێڵی ئاسن و ئاو و سنورە هاوبەشەکان و هاوکاری لە بواری کارەبا، لایەنی نەوت و دارایی و بانکی لە خۆگرتووە.



کـ - کـ













گەلەری