سەردێڕ:

وێنە.. وەک بەتەمەنترین کەسی جیهان ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا

PM:05:05:05/03/2023

3944 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی بە رەگەز ئیسپانی رۆژی رابردوو تەمەنی بووە ١١٦ ساڵ و ناوی وەک بە تەمەنترین کەس لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا، ماریا لە ساڵی ١٩٣١ هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی ٢٤ نەوەیە.


ماڵپەڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ماریا برانیاس موریرا، بەتەمەنترین کەسی جیهانە و بە رەگەز ئیسپانییە، بەڵام لە ئەمریکا لەدایکبووە لەماوەی ژیانیدا بینەری هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بووە و لە ساڵانی پێشوودا لە نەخۆشی کۆرۆنا چاکبووەتەوە.

ماریا برانیاس لە تەمەنی ١١٦ ساڵیدا ئاهەنگی ساڵیادی لەدایکبوونی گێڕا و ناوی وەک بەتەمەنترین کەسی جیهان لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا.

سەرەرای زۆری تەمەنی، بەڵام ماریا برانیاس خاوەن یادگەیەکی بەهێزە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەژماری تایبەت بەخۆی هەیە.

زۆرینەی بابەت و بڵاوکراوەکانی ماریا بە زمانی ئیسپانییە و گوزارشت لە ژیانی ئێستای و بیرەوەرییەکانی ساڵانی رابردووی دەکات لەگەڵ چۆنیەتی دروستکردنی خواردنی "پاپێلا" کە خواردنێکی بەناوبانگی ئیسپانییە.

رۆژی رابردوو ماریا برانیاس لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا بەئامادەبوونی کچەکەی لە تەمەنی ٧٨ ساڵە ئاهەنگی ساڵیادی لەدایکبوونی گێڕاوە و تەمەنی بووە بە ١١٦ ساڵ.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماریا برانیاس لە ٤ی ئازاری ١٩٠٧ لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە و سەرەتای ساڵانی تەمەنی لە سانفرانسیسکۆ بەسەربردووە.

هاوکات، لەتەمەنی هەش ساڵیدا خێزانەکەی بڕیاریاندا بگەڕێنەوە بۆ ئیسپانیا و لەساڵی ١٩٣١دا هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵی بووە و لە ئێستادا خاوەنی ٢٤ نەوەیە.
هـ.حـ













گەلەری