سەردێڕ:

ئێران ئامادەی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەگەڵ عێراقدا

AM:12:00:05/03/2023

3128 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، پێویستە چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ قەیرانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. هاوکات، ئێران ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە گەیشتن بەو چارەسەرانەی کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەپارێزێت.


عەباس عەلیاوی وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی قەیرانی ئاو ئاماژەی بەوەدا، ئەم کۆنفرانسانە زەمینەیەکی فراوان بۆ توێژینەوەکان دەڕەخسێنن کە کێشەی ئاو دیاری دەکەن و چارەسەری گونجاو بۆ پەرەپێدان دادەڕێژن.

وتیشی، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستە چارەسەری گونجاو بۆ هەموو لایەنەکان بدۆزرێتەوە بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنانی مرۆڤ.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی ساڵح پوور نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەکرد، هاتوون بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوی نێوان هەردوو وڵات.

وتیشی، هەوڵدەدەن باشتر لە ئاڵنگاریەکان تێبگەن و هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو لە روانگەیەکی ناسیاسیە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی عێراق و ئێرانە.

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، دەتوانرێت دۆخەکە بە هاوبەشییەکی بنیاتنەر لە نێوان عێراق و ئێران چارەسەربکرێت و دۆخی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر مەترسیدارە و پێویستە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە گرنگی بەو بابەتە بدەن.



ک - ک













گەلەری