سەردێڕ:

ئەردۆغان: وڵات بە جۆرێک لێدەکەین، کەمترین قوربانی هەبێت لەکاتی کارەساتە سروشتییەکاندا

AM:09:37:04/03/2023

4032 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەیانەوێت وڵاتەکەیان بە جۆرێک بونیاد بنێنەوە، کە لەکاتی کارەساتە سروشتییەکاندا بە زیانێکی کەمتر لێی دەربچن.


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات یەکێکە لەو کارەساتانەی مێژووی تورکیا کە زۆرترین قوربانیی و کاولکاری لێکەوتەوە، وتیشی، "کارەساتەکان دەکەینە دەرفەتێک و سەرەتای بڕگەیەکی نوێ".

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "سوورین لەسەر ئەوەی تورکیا بکەینە وڵاتێک کە لەو پەڕی ئامادەباشیدا بێت بەرامبەر کارەساتە جیهانییەکان و دوای کارەساتەکانیش بەخێراترین و کاریگەرترین شێوە کاردانەوەی هەبێت، دەبێت وڵاتەکە لە ئامادەباشی دابێت و کەمترین قوربانی هەبێت لە کارەساتەکاندا و پاشانیش بەخێرایی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە."

دەشڵێت، "یەکێک لەو کارانەی سەرەتا ئەنجامی دەدەین، زیادکردنی دەیەم دەستەی سیاسەتەکانی بەڕێوەبردنی کارەساتە لەناو سەرۆکایەتی کۆماردا کە ئێستا نۆ دەستەیە".

رۆژی ٦ی مانگی رابردوو، دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕەکانی ٧.٨ و ٧.٦ بەشێکی تورکیا و سوریا و باکور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند و بەگوێرەی دوایین ئامارەکان جگە لە زیانە مادییەکان زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا کە ٤٥ هەزار کەس لە تورکیا و زیاتر لە پێنج هەزار و ٩٠٠ کەسیش لەسوریا بوون، هاوکات لە نوێترین لێدوانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ٢١٤ هەزار و ٦٠٨ باڵەخانە دەستنیشانکراون کە پێویستیان بە رووخاندنی خێرا هەیە بەوپێیەی بەکەڵکی ژیانتێداکردن نەماون.

دوابەدوای رووداوی بوومەلەرزەکەش، بەشێکی ئەو بەڵێندەرانەی کاریان لەو باڵەخانانەدا کردبوو کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخان دەستگیرکران و حکومەتی تورکیا باسی لەوەکرد، لێکۆڵینەوە لە کوالێتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا دەکەن.
هـ.ئـ


 













گەلەری