بانکی رافیدەین رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە رێکاری دانانی دینار لە هەژماری بانکی رافیدەین بەغدا دەستپێدەکات و لەو رێگەیەوە گەشتیار دەتوانێت لە وڵاتانی دیکە پارەکەی بە شێوەی دۆلار یان هەر دراوێکی دیکە رابکێشێتەوە.
بانکی رافیدەین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، چەند لقێکی سەر بە بانکی رافیدەین تایبەت کراون بە رێکاری دانانی دینار لە سەکۆی ئەلکترۆنی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە وڵاتانی دیکە لە رێگەی هەژماری بانکییەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، گەشتیار دەتوانێت لە رێگەی ئەو
رێکارەوە دیناری عێراقی لە هەژماری تایبەت بە خۆی دابنێت و لە فڕۆکەخانەی بەغدا پارەکەی بە دۆلار یان هەر دراوێکی دیکە وەربگرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو لقانەی بانکی رافیدەین
کە ئەم رێکارەی تێیدا جێبەجێ دەکرێت بریتین لە لقەکانی (شەقامی فەڵەستین و گۆڕەپانی
فردەوس و مەشتەل و گەڕەکی ئەفسەران و موحیت و رافعی و مەعریفە).
بۆ جێبەجێکردن و بەکارهێنانی ئەم رێکارە لەسەر گەشتیار
پێویستە بەڵگەنامەی پاسپۆرت و تکتی فرۆکەی هەڵگرتبێت و مەرجە وادەی گەشتەکەی لە
ماوەی سێ رۆژی دیکە یاخود کەمتر بێت بۆ بەرێکردنی کاروبارەکانی دانانی دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی
کردنەوەی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و بلۆک
کردنی چەند بانکێکی عێراقی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بە تۆمەتی
سپیکردنەوەی دۆلارەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبووە و
نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە زیاتر لە ١٧٠ هەزار دینار. لەبەرامبەردا بانکی ناوەندی
عێراق بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی دۆلار و سەقامگیرکردنی بازاڕی دراوەکان چەند
رێکارێکی گرتەبەر.