سەردێڕ:

گۆڕانکاریی لە غەرامەى هاتووچۆدا دەکرێت

AM:08:39:06/09/2021

49928 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرى گشتى هاتووچۆى عێراق گۆڕانکاریى و هەموارکردنەوەیەکى چاوەڕوانکراوى لە یاساى غەرامەى هاتووچۆ ئاشکرا کرد و بەڕێوبەرى هاتووچۆى هەرێمیش دەڵێت "ئەو بڕیارە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە".


لیوا تارق روبەیعى، بەڕێوبەرى گشتى هاتووچۆى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەو غەرامەى سەرپێچییەى کە بۆ خاوەن ئۆتۆمبیلێکى تاکسى جۆرى سایبا نووسرابوو هەڵەیەکى هونەرى بوو و بەهۆى بڕینى کارەباوە بوو".

وتیشى "ئەو هەڵەیە واى کرد کە سزاى سەرپێچییەکە بەو جۆرە زیادبێت و چارەسەرى کێشەکەش کرا".

روبەیعى رونیکردەوە "لەبوارى غەرامەى هاتووچۆدا گۆڕانکاریى و هەموارکردنەوەى یاساکە دەکرێت".

لێدوانەکە دواى ئەوە دێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەى غەرامەیەکى هاتووچۆ بۆ ئۆتۆمبێلێکى تاکسى جۆرى سایبا بڵاوکرایەوە کە زیاتر لە ٢١٥ ملیۆن دینار غەرامەى بۆ نووسرا بوو و ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.

لەسەر ئەم پرسە ئێن ئاڕ تى پەیوەندى کرد بە لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوبەرى هاتووچۆى هەرێم وتى "ئێمە پابەند نیین بەو یاسایانەى کە لە عێراقدا لەبارەى هاتووچۆوە دەردەچن چونکە ئێمە پەرلەمانمان هەیە و پەرلەمان خۆى یاساى تایبەت بە هەرێمى کوردستان دەردەکات".

ئەوەشى خستەڕوو هەر یاسایەک لە عێراق دەربچێت تایبەت بە هاتووچۆ بۆ ئێمەى دەنێرن و ئێمەش بۆ وەزارەتى بەرزدەکەینەوە و ئەوان ئاراستەى پەرلەمانى کوردستانى دەکەن.

لیوا عەبدولقادر لەبارەى ئەوەى ئەم بڕیارە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە رونیکردەوە "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین رسومات کەم بکرێتەوە چونکە شۆفێر پێویستى بەوە هەیە کە ساڵانە رسوماتى هاتووچۆ بدات بەڵام نەیشاردەوە کە وا لەگەڵ زیادکردنى غەرامەدان چونکە بەبڕواى ئەو زیادبوونى غەرامە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى رووداوەکانى هاتووچۆ.

 













گەلەری