سەردێڕ:

ناوەرۆکی ئەو نامەیە ئاشکراکرا کە وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەمریکاوە گەیاندییە ئێران

PM:05:41:27/02/2023

5440 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، وەزیری دەرەوەی عێراق لە گەڕانەوەی گەشتەکەیدا لە وانشنتۆن نامەیەکی لە ئەمریکاوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی گەیاندووەتە تاران. دەشڵێت، "ئێران هەمیشە پێشوازی کردووە لە رێگای دبلۆماسی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی".


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەمی وڵاتەکەی، ئەمیر عەبدوڵاهییان وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دوای گەڕانەوەی لە واشنتۆنەوە سەردانی ئێرانی کردووە و نامەیەکی ئەمرکییەکانی گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی.

ئاماژەی بەوەشدا، ناوەرۆکی نامەکە بریتییە لەوەی کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئامادەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی.

دەشڵێت، "ئێمەش پێشوازیمان لە نامەکە کردووە، چونکە هەمیشە پێشوازیمان لە رێڕەوی دبلۆماسی و دانوستان کردووە و هیچ کاتێک خۆمان لە دانوستان نەدزیوەتەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکردووە، ئەوان ئامادەن لە چوارچێوەی دانوستاندا کار بکەن کە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو. تائێستاش نامەگۆڕینەوەی ناراستەوخۆیان لەگەڵ ئێراندا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە، بەتایبەتی لایەنی تەواوکردنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سەرجەم لایەنەکان بۆسەر مێزی گفتوگۆکردن.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دروستبوونی گرژییەکان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، ئیدارەی بایدن رایگەیاند، لە ئێستادا گفتوگۆکانی ڤیەننای تایبەت بە بوژاندنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە کارە لەپێشینەکانی نییە.













گەلەری