سەردێڕ:

ئەوروپا مەرجەکانی خۆی بۆ داننان بە تاڵیبان ئاشکرا کرد

PM:08:36:05/09/2021

2596 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئامادەیە دان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا بنێت ئەگەر رێگەنەدات خاکەکەی ببێتە هەناردەکاری تیرۆر و رێزی مافی مرۆڤ و ژنان بگرێت و یاسا سەروەربێت و ئازادی رۆژنامەنوسی دەستەبەربکات و حکومەتێکی راگوزەری بنکەفراوان پێکبهێنێت و رێگە بدات بیانییەکان لە وڵاتەکەی بچنەدەرەوە و هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو وڵاتە.


یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد، ئەگەر بزوتنەوەی تاڵیبان بەنیازە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بەدەسەڵاتەکەیدا بنێت، ئەوا پێویستە پێنج مەرج هەیە پێیانەوە پابەندبێت.

یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان رێگەنەدات خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هەناردەکردنی تیرۆرستان. ئەگەرچی پێشتر بزوتنەوەکە بەڵێنی داوە رێگەنەدات وڵاتەکەی ببێتە داڵدەدەری تیرۆر، بەڵام ئەم هەنگاوە پێویستی بە هاوکاری هەواڵگری و گۆڕینەوەی زانیاری هەیە لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و وڵاتاندا بەتایبەتی لە روبەڕوبوونەوەی داعش و داعشی خۆراسان.

یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان رێز لەمافەکانی مرۆڤ و ژنان و ئازادی رۆژنامەنووسی بگرێت و هەوڵبدات یاسا سەروەربێت. ئەگەرچی بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان رەفتاری بزوتنەوەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام پێویستە بزوتنەوەکە بەگوێرەی پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا رەفتاربکات.

مەرجی سێیەم بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەری بنکە فراوان، بەشێوەیەک لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسی و پێکهاتەکان گفتوگۆ دەستپێبکات.

مەرجی چوارەم و پێنجەم بریتیە لە رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو وڵاتە و رێگەدان بەچوونە دەرەوەی بیانییەکان و ئەو هاوڵاتییە ئەفغانیانەی مەترسییان لەسەرە بەگوێرەی بڕیاری نێودەوڵەتی ژمارە ٢٥٩٣.

تاڵیبان بزوتنەوەیەکی چەکداری سوننە مەزهەبن و لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر موجاهید لە شاری قەندەهار دامەزرا و لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کرد و دەسەڵاتی گرتەدەست. لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا و گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا.


كـ ، ئـ













گەلەری