سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: ١٢ هەزار کۆچبەر بەبێ چاوپێکەوتن مافی پەنابەریان پێدەدرێت

PM:04:08:24/02/2023

2588 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، ١٢ هەزار کۆچبەر کە داوای مافی پەنابەرییان لە ئەو وڵاتە کردووە بەبێ مەرجی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ مافی پەنابەریان پێدەدرێت.


وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ٧٥ هەزار داواکاری پەنابەری لە وڵاتەکەی کراوە و زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە ساڵی رابردوو بە کەناڵە ئاوییەکاندا هاتوونەتە وڵاتەکەوە.

بەپێی راپرسییەکانیش، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی روویان لە وڵاتی بەریتانیا کردووە لە ١٠ وڵاتەوە هاتوون و بە پلەی یەکەم لە ئەلبانیاوە دواتر کۆچبەرانی ئەفغانستان و ئێران و عێراق و سوریا و بەنگلادش و ئریتاریا و سودان و هیندستان و پاکستان دێن.

لەلایەکی دیکەوە عەمرو سمیث راوێژکاری کۆچ و رەگەزنامە دەڵێت، ئەو هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا نوێیە و تاوەکو ئێستا بەریتانیا هیچ چارەسەرێکی بۆ کێشەی کۆچبەران لە وڵاتەکەیدا نەدۆزیوەتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانەی مەرجی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ نایانگرێتەوە پێویستە لە وڵاتانی ئەفغانستان و ئێریتریا و لیبیا و سوریا و یەمەنەوە جوبنە بەریتانیا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا راپرسییەکی ١٠ پەڕەیی بەسەر ئەو کۆچبەرانەدا دابەش دەکات کە داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، تاوەکو ئاستی لێهاتوویی بەشێکیان دەربکەوێت و ژمارەی داوکارییەکان بەپێی مەرجەکانی راپرسییەکە کەمبکەنەوە.

لە ساڵی رابردوو، وڵاتی ئەڵمانیاش ژمارەیەکی زۆر لە داوای مافی پەنابەرێتی تۆمارکرا تێیدا بە شێوەیەک نزیکەی ٣٠٠ هەزار کۆچبەر داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و لە دوای ئەویش فەرەنسا ١٧٩ هەزار داواکاری تۆمارکراوە، و پاشان ئیسپانیا ١٢٨ هەزار داواکاری مافی پەنابەری تۆمارکراوە.














گەلەری