سەردێڕ:

سەرۆکی ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی ئەم وڵاتە عەرەبییەی کرد

PM:03:37:05/09/2021

4592 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی ئیسرائیل رایگەیاند، یەکشەممەی رابردوو ئیسحاق هرتسوغ سەرۆکی وڵات بەنهێنی سەردانی ئوردونی کردووە و لەگەڵ شا عەبدوڵا پادشای ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.


سەرۆکایەتی ئیسرائیل راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لە بارەی دۆسییە گرنگە قوڵ و ستراتیجییەکان لەسەر ئاستی ئیسرائیل و ئوردون و لەسەر ئاستی هەرێمی گفتوگۆیان کردووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دۆسییەکانی هاوردەکردنی کاڵا و کشتوکاڵ و وزە و چارەسەرەکانی گۆڕانکاری کەش وهەوا لە دۆسییە گەرمەکانی ناو گفتوگۆکانیان بوون.

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سەردانەکەی ئیسحاق هرتسوغ بۆ ئوردون بەهەماهەنگی لە نێوان یائیر لایبید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و نفتالی بینیت سەرۆکوەزیرانی وڵات بووە.

لە مانگی نیسانی رابردوو، ساردییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و ئیسرائیلدا دروست بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانی بینامنی ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بۆ ئیمارات بەهۆی ئەو گرفتانەی لەبەردەم گەشتەکەیدا بۆی دروست بوو لە ئاسمانی ئوردوندا. بە ماوەیەکی کەمتر پێش ئەوە، حسێن عەبدوڵا شازادەی ئوردون بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییەکانەوە سەردانەکەی بۆ شاری قودس هەڵوەشاندەوە.













گەلەری