سەردێڕ:

تورکیا کۆتایی بە پرۆسەی گەڕان بەدوای رزگاربووانی بوومەلەرزەکە هێنا

PM:10:52:19/02/2023

14080 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی تورکیا کۆتاییانهێنا بە پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی گوماندەکران بەزیندویی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی بومەلەرزەکە مابنەوە و ئومێد دەکرا رزگاریان بکەن.


دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاماژەیان بەوەداوە، لەسەرجەم ئەو شوێنانەی بومەلەرزە لێیداون پرۆسەی گەڕان بەدوای رزگارکردنی ئەو کەسانەی ئومێدە دەکران زیندوو مابنەوە کۆتاییپێهاتووە جگە لە دوو پارێزگا نەبێت.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، تائێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ٦٨٩ کەس.

لەکاتی گەڕان و پشکینەکاندا بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی بەزیندویی لە ژێر داروپەردوی باڵەخانە رووخاوەکان مابوونەوە، تیمی فریاگوزاری چەندین وڵات بەشداریان تێداکرد.

راگرتنی پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنی هاوڵاتییان لەکاتێکدایە ئومێدی زیندو مانەوەی ئەوانەی دیکە کە لە ژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە تەواو لاوازبووە و ١٣ رۆژ بەسەر روودانی بومەلەرزەکەدا تێپەڕیووە.

پێشتر دەستەی کارەسات و رووداوە لەناکاوەکانی تورکیا ئاشکرای کردبوو، لە پڕۆسەی گەڕان و رزگارکردن ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کۆتایی پێدێت.

لە رۆژی ٦ی ٢ی ٢٠٢٣ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری رێختەر باکور و خۆرئاوای کوردستان و بەشێک لە تورکیا و سوریای هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان زیانە مادییەکانی بومەلەرزەکە لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ملیار دۆلار دەبێت.













گەلەری